چێڵسی زیانی زۆری کردووە و نۆ یاریزان دەفرۆشێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی چێڵسی ئینگلیزی ناچارە لە هاوینی ئەمساڵدا بڕیاری قورس بدات بۆ فرۆشتنی ژمارەیەک لە یاریزانەکانی، پاشئەوەی یانەکە خۆی ئاشکرایکرد، وەرزی رابردوو زیانی زۆری بەرکەوتووە.
چێڵسی ئاشکرایکردووە وەرزی رابردوو 121 ملیۆن پاوەند زیانی کردووە، بەهۆکاری جیاواز، لە نێویاندا کەمبوونەوەی داهات و بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی یانەکە.
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، تۆد بۆیلی خاوەنی نوێی یانەکە، لە ژێر گوشاری زۆری داراییدایە و دەبێ بەزووترین کات دۆخی دارایی یانەکە رێکبخاتەوە، ئەگەرنا رووبەڕووی سزای تایبەت دەبێتەوە بەهۆی یاساکانی یاری خاوێنەوە.
چێڵسی لە دوو وەرزی رابردوودا کۆی 274 ملیۆن پاوەند زیانی کردووە، لە وەرزی داهاتووشدا بڕی 545 ملیۆنی دیکەی دێتە سەر بەهۆی ئەو خەرجییانەی بۆیلی لە دوای کڕینی یانەکەوە ئەنجامیداون لە دوای مانگی ئایاری رابردووەوە.
بۆ خۆ دەربازکردن لە سزا، چێڵسی ناچارە بەر لە 30ی حوزەیرانی داهاتوو، ژمارەیەک یاریزانی خۆی بفرۆشیت تاوەکو بگاتە ئەو بڕەی کە زیانەکانی لەو سنوورەدان کە یاسای یاری خاوێن بۆ سێ ساڵ رێگەیان پێدەدات بۆ سێ ساڵ.
رۆژنامەی 'زە سەن' دەڵێ، دەبێ چێڵسی زیانەکانی کەمبکاتەوە بۆ 105 ملیۆن پاوەند تاوەکو سزا نەدرێت.
دیارترین ئەو یاریزانانەی چێڵسی دەیەوێت بیانفرۆشێت، بریتین لە 'مەیسن ماونت، تریڤۆ چالوبا، کۆنۆر گالاگێر، رۆبن لۆفتس چیک، کالوم هۆدسۆن ئۆدۆی، ماتیۆ کۆڤازیچ، ئێدوارد مێندی، حەکتیم زەیاش و کریستیان پۆلیسیچ'.
رۆژنامەکە دەڵێ، هەر پڕۆسەیەکی یاریزان فرۆشتن کە چێڵسی ئەنجامیدەدات دەبێ بەر لە رۆژی 30ی یۆنیۆی داهاتوو ئەنجام بدرێت لەپێناو راستکردنەوەی ژمارە داراییەکانی ئەمساڵ.