ڤیدیۆ؛ ئەرجەنتین بردییەوە و مێسی چەپڵە بۆ نیکۆ پاز لێدەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاریدا کە لیۆنێل مێسی بەشێوەی یەدەگ بەشداریی تێداکرد، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین سەرکەوتنی بەرامبەر موریتانیا بەدەستهێنا.
 
یارییەکە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی تانگۆ لە یاریگەی بۆمبۆنێرا لە بۆینس ئایرێس بەڕێوەچوو، خاوەن یاریگە یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
دوای 16 خولەک یارییکردن، ئێنزۆ فێرناندێز گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد و ئەرجەنتین بووە خاوەنی گۆڵی یەکەم.
 
لە خولەکی 31 نیکۆ پاز گۆڵی دووەمی تانگۆی بەلێدانی راستەوخۆ تۆمارکرد، مێسی لەسەر پەیژەکانەوە چەپڵەی بۆ لێدا.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی نیوەی دووەمی یارییەکە لیۆنێل مێسی لەنێو پێشوازییەکی گەورەی هاندەران چووە نێو یاریگە و بەشدارییکرد.
 
هەرچەند لیۆ و هاوڕێکانی هەوڵیاندا گۆڵی دیکە تۆماربکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
 
لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا جۆردان لێفۆرت، گۆڵێکی بۆ موریتانیا تۆمارکرد، یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی ئەرجەنتین کۆتاییهات.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو کاژێر 02:15 ئەرجەنتین یارییەکی دیکەی دۆستانە بەرامبەر زامبیا ئەنجامدەدات و ئەوە دەبێتە دوایین یاریی ئامادەکاری پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو بۆ مۆندیالی داهاتوو.