ئامەدسپۆر هاندەرانی دڵنیا دەکاتەوە: قەدەخەی گواستنەوە کاتییە و کێشەکە چارەسەر کراوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر روونکردنەوەیەکی لەبارەی راگرتنی یانەکە لە گواستنەوەی یاریزانان بڵاوکردەوە و سەرۆکی یانەکەش دڵنیایی دەداتە کە ئەو راگرتنە کاتییە و هەڵدەگیرێت.
یانەی ئامەدسپۆر لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا بەهۆی پرۆسەی گواستنەوەی بۆبی ئەدێکانییەوە لە رێککەوتی 8-1-2025 لە یانەی گۆ ئاهێد ئیگلسی هۆڵەندییەوە، ئەو یانەیە سکاڵایەکی پێشکێشی فیفا کردووە، سەبارەت بە تێچووی گواستنەوەی یاریزانەکە و بەو هۆیەوە یانەکەمان بۆ ماوەیەکی کاتی لە گواستنەوەی یاریزانان راگیراوە، بەڵام یانەکەمان پارەکەی لە کاتی خۆیدا داوە و لەکاتی بارکردنی هەموو بەڵگەکان، ئەو راگیرانە هەڵدەگیرێت.
یانەی ئامەدسپۆر دووپاتیدەکاتەوە هەموو ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی راگرتنی هەمیشەیی لە گواستنەوەی یاریزانان بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستی و لە داهاتوودا زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.
ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت "یانەکەمان بەهۆی ئەو ناکۆکییە یاساییانەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هەیەتی لە وەرزەکان پێشووی گواستنەوەی یاریزانانەوە سەرچاوەی گرتووە و هاوشێوەی زۆر یانەی دیکە کۆمەڵێک دۆسێیەی لەلایەن فیفاوە هەیە. ئەو قەدەخەیەی بووەتە جێی سەرنج، بڕیارێک نییە لە چوارچێوەی دادوەریدا درابێت، بەڵکو رێککارێکی کاتییە لەلایەن فیفاوە بەشێویەکی ئۆتۆماتیکی گیراوەتە بەر، بەهۆی ئەوەی شایستە داراییەکانی گرێبەستێکی گواستنەوە لە وادەی خۆیدا نەدراوە و بە دانی هەموو پارەکە ئەو قەدەخەیە هەڵدەگیرێت."
سەرۆکی ئامەدسپۆر دەڵێت "یانەکەمان پەیوەندیی لەگەڵ یانەی پەیوەندیدار بە بابەتەکەوە هەیە و پارەکەشی داوە. بەهۆی ئەوەی تۆمارکردنی بەڵگەنامەکانی پارەدان لە سیستمی فیفا پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە لەگەڵ یانەی پەیوەندیدار، کاتێکی پێویستە تاوەکو کارەکان تەواو دەبن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر هاندەرانی یانەکەی دڵنیا دەکاتەوە و نووسیوویەتی "وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، هیچ بڕیارێکی قەدەخەکردنی گواستنەوە کە لە ئەنجامی دادگاییکردنەوە درابێت و بە شێوەیەکی هەمیشەیی جێبەجێ بکرێت، لە ئارادا نییە."
بۆبی ئەدێکانی، ئەو یاریزانە نەیجیرییەیە کە لە ساڵی 2025 لە یانەی گۆ ئاهێدی هۆڵەندییەوە پەیوەندیی بە یانەی ئامەدسپۆرەوە کرد، یاریزانەکە ئێستا لە یانەی مانیسا یاریی دەکات، بەڵام گواستنەوەکەی لە یانە هۆڵەندییەکەوە بۆ ئامەدسپۆر کێشەی بۆ یانەکەی باکووری کوردستان دروستکردووە.