سەنیگال دەستبەرداری جامەکە نابێت؛ "ئێمە پاڵەوانی راستەقینەی ئەفریقاین"

 
رووداو دیجیتاڵ

پاپێ تیاو، راهێنەری هەڵبژاردەی سەنیگال لەبارەی لێسەندنەوەی نازناوی جامی ئەفریقا لە هەڵبژاردەکەی قسەدەکات و دەڵێت "نازناوەکان لە یاریگەدا بەدەستدەهێنرێن."
 
بەر لە یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی پیرۆ کە ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:00 لە فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، پاپێ تیاو، راهێنەری هەڵبژاردەی سەنیگال قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی بڕیاری لیژنەی رێککاریی جامی ئەفریقا بۆ لێسەندنەوەی جامەکە لە هەڵبژاردەکەیان گوتی "هەمووان دەزانن ئێمە پاڵەوانی ئەفریقاین، کاردەکەین بۆ بردنەوەی نازناوی زیاتر، بۆ وڵاتەکەمان روونە کە نازناوەکان لە یاریگەدا بەدەستدەهێنرێن، ئێمە ئەوەمان کرد و ئێمە پاڵەوانی ئەفریقاین."
 
لەبارەی ئەوەی کە بەر لە جێبەجێکردنی لێدانە سزاکەی براهیم دیاز لە یاریگە چوونە دەرەوە، راهێنەری سەنیگال گوتی "بە گەڕانەوە بۆ دواوە، ئایا ئێمە پەشیمانین لەوەی لە یاریگەدا کردمان؟ ئەمڕۆ ئەوەی لەبیرمە ئەو چێژەیە کە بۆ بردنەوەی جامەکە بۆ وڵاتەکەمان هەمانبوو، چوون بۆ دوورترین شوێنەکانی سەنیگال و نمایشکردنی جامەکە، ئەوە چێژێکی گەورەیە."
 
لەلایەن خۆیەوە ئیدریسا گاناگێی، یاریزانی هەڵبژاردەی سەنیگال لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا گوتی "هەستە پڕ جۆش و خڕۆشەکان جێگەیان پڕ نابێتەوە. بەدرێژایی ساڵان و لە ماوەی چوار خولی رابردووی جامی نەتەوەکانی ئەفریقادا، بە گەیشتن بە سێ یاری کۆتایی و بردنەوەی دوو نازناو، ئێمە بە تەواوی شایستەی ئەم نازناوەین. ئەمە بەرهەمی هەوڵ و کۆششی وڵاتێکی جددییە کە لە ناو یاریگە و دەرەوەی یاریگەشدا هەموو توانایەکی خۆی دەخاتە گەڕ."
 
یاریزانەکە زیاتر گوتی "نازناوەکەمان تەنیا نەڕفاندووە، بەڵکو شایستەی ئەوە بووین لە ناو یاریگەدا ببینە پاڵەوانی ئەفریقا و بە هەموو توانایەکیشمانەوە هەوڵ دەدەین لە دەرەوەی یاریگەش لە رێگەی بەردەوامبوون لە تێکۆشان هەمان شت بەدەستبهێنین."
 
ئەم قسانەی راهێنەری سەنیگال لە کاتێکدایە، هەرچەند ئەوان یاریی کۆتایی جامی ئەفریقایان بردووەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە یارییەکەدا یاریزانانی تیپەکەی چەند خولەکێک لە یاریگە چوونە دەرەوە، دوای نزیکەی دوو مانگ لە تەواو بوونی یارییەکە لیژنەی رێککاریی جامی ئەفریقا بڕیارییدا جامەکە لە سەنیگال وەربگرێتەوە و یارییەکە بە 3-0 لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی مەغریب هەژمار بکات و ئەوان بە پاڵەوان دابنرێن.
 
رووداوەکە کاردانەوەی زۆر گەورەی لەسەر ئاستی جیهان بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوە سەنیگال لەلایەن دادگای کاسی وەرزشییەوە سکاڵای تۆمارکرد و دادگا بڕیار دەدات کە جامەکە بۆ کام هەڵبژاردە دەبێت.