بەهۆی تابلۆیەکی ئاینییەوە یانەیەک سزا درا
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، سزای دارایی بۆ سەر یانەی سرڤینیا زڤێزدای سڕبی راگەیاند، دوای ئەوەی هاندەرانی ئەو یانەیە، لە یارییەکی یۆرپالیگدا تابلۆیەکی گەورەیان نمایشکرد و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
یوفا بڕیاریدا بە بڕی 95,500 یۆرۆ یانەی سرڤینیا زڤێزدا سزا بدات. هۆکاری ئەم سزایە بۆ ئەو تیفۆیە دەگەڕێتەوە کە هاندەرانی یانە سڕبییەکە لە ناو یاریگەدا بەرزیان کردبووەوە، وێنەی عیسا مەسیح و سانت سیمۆن کە یەکێکە لە پیرۆزترین کەسایەتییە ئاینییەکانی سڕبیا و دامەزرێنەری مێژوویی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت، لەسەر بوو.
بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە، بڕی 40,000 یۆرۆ لەو سزایە تەنیا بۆ ئەو پارچە قوماشە بووە نووسراوی "با باوەڕەکەمان بەرەو سەرکەوتنتان ببات". لەسەر بووە. یوفا لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو پەیامە بۆ چالاکییەکی وەرزشی نەشیاوە و زیان بە ناوبانگ و بێلایەنیی تۆپی پێ و یوفا دەگەیێنێت.
هاندەرانی یانە سڕبییەکە لەو بڕیارە زۆر تووڕەن و دەڵێن "ئەمە جوانترین و گەورەترین تابلۆ بوو لە ساڵی 2026 نمایشکرابێت". ئەوان پێیانوایە سزادان بەهۆی کارێکی هونەری و ئاینی بەو شێوەیە، جۆرێکە لە نادادی بەرامبەریان.
ئەم سزایەی یوفا لە کاتێکدایە هاندەرانی یانە سڕبییەکە، بە یەکێک لە تووندترین و چالاکترین هاندەرانی ئەورووپا دادەنرێن و هەمیشە لە یارییە گەورەکاندا بە تابلۆ و تیفۆی جیاواز سەرنجی میدیاکان رادەکێشن، بەڵام ئەمجارە نمایشەکەیان بووە هۆی زیانێکی دارایی زۆر بۆ یانەکەیان.
سرڤینیا زڤێزدا یەکێکە لە دیارترین یانەکانی سڕبیا و لەسەر ئاستی ئەورووپاش یانەیەکی ناسراوە، ئەم وەرزە بەشداری لە یۆروپا لیگ دەکرد و لە قۆناخی پلەی ئۆف بەرامبەر لیلی فەرەنسی کرایە دەرەوە و ئێستاش لە خولی سڕبیا لە پلەی یەکەمی ریزبەندە و 11 خاڵ لە خاوەنی پلەی دووەم دوورە.