ریال مەدرید کار بۆ پلانێکی گەورە دەکات و ئارسیناڵ دەیەوێت رێگری بکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئامادەکاری بۆ پلانێکی گەورە دەکات و دەیەوێت بە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ، هێڵی ناوەڕاستی بەهێزتر بکات.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید سەرسامە بە تواناکانی مارتن زوبیمێندی، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی و بیر لەوە دەکاتەوە یاریزانەکە بگەڕێنێتەوە لالیگا و لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، ریال مەدرید دەستی بە پەیوەندیکردن بە بەڕێوەبەرەکانی یاریزانەکەوە کردووە بۆ ئەوەی ویستی ئەو یارییکردن لە یانەکە بزانن.
یانەی ئارسیناڵ دەیەوێت رێگری لە رۆیشتنی ئەو یاریزانە بکات، بۆیە لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی نرخی یاریزانەکە بۆ 100 ملیۆن پاوەند بەرزبکاتەوە، لە کاتێکدا یاریزانەکە لە هاوینی 2025 بەرامبەر 70 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە ریزەکانی یانە لەندەنییەکەوە کردووە.
میدیای بەریتانیا دەڵێت "زوبیمێندی لە یانەی ئارسیناڵ دڵخۆشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جێگەی گرنگی پێدانی یانەی ریال مەدریدە."
جگە لە ریال مەدرید پێشتر یانەی لیڤەرپوولیش گرنگی بەتواناکانی ئەو یاریزانە دەدات و چاودێریی بارودۆخەکەی دەکات بۆ ئەوەی بیباتە ریزەکانی، بەڵام پێناچێت گانەرز دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.
مارتن زوبیمێندی تەمەنی 27 ساڵە، یاریزانەکە لە 2011 تاوەکو 2025 لە تیپە جیاوازەکانی ریال سۆسیداد یارییکردووە، پاشان پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی ئارسیناڵەوە کردووە.
یاریزانەکە لەم وەرزەدا بەشێوەیەکی گشتی 44 یاریی بۆ یانەکە ئەنجامداوە، لە پرێمەرلیگدا لە هەر 31 گەڕی کە تاوەکو ئێستا ئەنجامدراون بەشدارییکردووە، خاوەنی 5 گۆڵ و ئەسیستێکە.
گرێبەستی ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە لەگەڵ لەندەنییەکان لە هاوینی 2030 کۆتاییدێت و ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەدا نرخەکەی دەگاتە 80 ملیۆن یۆرۆ.