دیدێ دیشام لەبارەی بوونی زیدان بە راهێنەری فەرەنسا: ئەوە کێشەی من نییە
رووداو دیجیتاڵ
دیدێ دیشامی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا قسەکردن و باسکردنی ئەگەری بوونی زینەدین زیدانی بە راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی فەرەنسا رەتکردەوە، گوتی کاتم نییە بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە.
لەچەند رۆژی رابردوودا، دەنگۆ و هەواڵ، لەبارەی رێکەوتنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا و زینەدین زیدانی ئەفسانەی فەرەنسی، بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە دوای مۆندیالی داهاتوو، گەرمبووە.
سەرچاوەکان دووپاتیانکردووەتەوە، زیزۆ لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنەکە لەسەر وردەکاری کاری داهاتوو رێکەوتووە و دوای مۆندیال، ئەرکە نوێیەکەی وەک راهێنەری فەرەنسا وەردەگرێت.
دیدێ دیشام، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی پاش سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەی بەسەر بەرازیل، لە یاریی دۆستانەی ئامادەسازیی مۆندیالی داهاتوو، گوتی، هەموو بیرکردنەوەی من لای ئامادەکردنی هەڵبژاردەکەمە بۆ مۆندیال، نەک شتێکی دیکە.
پێشتر، فیلیپ دیالۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، گوتبووی ناوی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی فەرەنسام لەلایە، بەڵام ئاشکرای ناکەم.
چەندین سەرچاوەی جیاواز دووپاتیانکردووەتەوە کە زیدان راهێنەری فەرەنسا دەبێت لە هەردوو پاڵەوانێتیی، یۆرۆی 2028 و مۆندیالی 2030، دیالۆش پێشتر ئاماژەی بەوەدابوو کە هەموو کەسێک ناتوانێ مەشقدانی فەرەنسا وەربگرێت، بەڵکو دەبێ کەسێک بچێتە شوێنی دیشام، پشتگیریی هەموو فەرەنسییەکانی هەبێت.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی پاش یارییەکەی بەرازیل، دیشام لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری هاتنی زیدان بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەکە، گوتی، کاتی خۆم بەو شتانەوە بەفیڕۆ نادەم، ئەوەی لە دوای من روودەدات، پەیوەندی بەمنەوە نییە.
دیشام پێشتر ئاشکرایکردبوو لە دوای مۆندیالی داهاتوو، لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا، بەیەکجاری واز لە مەشقدانی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەهێنێت.
هەندێک سەرچاوەی فەرەنسی دەڵێن، دانوستاندنی نێوان زیدان و فیدراسیۆنی تۆپی پێ گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و راهێنەرەکەی پێشووی ریال مەدرید، تیمی یاریدەدەرەکانیشی دەستنیشانکردووە، بەڵام دەستنیشانکردنی تاوەکو دوای مۆندیال ئاشکرا ناکرێت، بۆ ئەوەی هیچ کاریگەریی و گوشارێک لەسەر تیپەکە دروست نەکات، کە بەدوای بەدەستهێنانی سێیەم نازناوی مۆندیالدا دەگەڕێت.