سولاقا: یارییەکەی بۆلیڤیا گرنگترین یاریی 40 ساڵی رابردووی عێراقە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یاریی پاشکۆی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە مەکسیک بەردەوامن و یاریزانێکی هەڵبژاردەکەش دەڵێت "ئەمە گرنگترین یاریی هەڵبژاردەی عێراقە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا."
 
هەڵبژاردەی عێراق ماوەی چەند رۆژێکە لە مەکسیکە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یاریی بەرامبەر بۆلیڤیا لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 و رۆژانە مەشق و ئامادەکارییەکانی ئەنجامدەدات.
 
رێبین سولاقا، بەرگریکاری هەڵبژاردەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای مەشقەکانی رۆژی هەینی بە رۆژنامەڤانانی گوت "لەپێناو نیشتمان و گەلەکەمان یاریی دەکەین، لەپێناو ئەوەی کە ئێمە عێراقین، هەوڵدەدەین لەگەڵ فیکەی ناوبژیوان تاوەکو کۆتایی هەموو توانایەکمان بخەینەگەڕ."
 
بەرگریکارەکەی عێراق گوتی "هەموومان 100٪ ئامادەین، سەرجەم یاریزانەکان ئامادەن، راهێنانەکانمان ئێستا لەسەر ئەوەن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ بۆلیڤیا بکەین و لایەنی هونەریمان بۆ یارییەکە دەستپێکردووە."
 
رێبین سولاقا لەبارەی گرنگی یارییەکەوە گوتی "یاریی بەرامبەر بۆلیڤیا گرنگترین یاریی هەڵبژاردەی عێراقە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا، لە مەشقەکاندا هەست بەم شتە دەکەم لە رووخساری یاریزانان و دەستەی راهێنەراندا. بۆ منیش وەکو یاریزان یارییەکە گرنگترین یاریی کاروانی وەرزشی منە و پێشبینی دەکەم بۆ هەموو یاریزانە هاوڕێکانیشم بەو شێوەیە بێت."
 
لەلایەن خۆیەوە زەید ئیسماعیل، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق گوتی "لەگەڵ یاریزانان و دەستەی راهێنەران سەیری یاریی بۆلیڤیامان کردووە، هەڵبژاردەیەکی باشە، بەڵام هیوادارین خەونی گەلەکەمان بە گەیشتن بە مۆندیال بکەینە راستی."
 
سەرلە بەیانی رۆژی چوارشەممە کاژێر 06:00 بەکاتی کوردستان، هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکی مێژووییدا بەرامبەر بۆلیڤیا یاریی دەکات و براوەی یارییەکە دەگاتە مۆندیالی 2026.
 
هەڵبژاردەی عێراق تەنیا یەکجار بەشداریی لە یارییەکانی مۆندیالدا کردووە، ئەویش ساڵی 1986 بوو و لەو کاتەوە ماوەی 40 ساڵە نەیتوانیووە بگاتە مۆندیال.