بارسێلۆنا لە ترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆکەی مێسی هۆشداری دەداتە ئیسپانیا
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە هەر جۆرە سەرکێشیکردنێک بە لامین یامالی ئەستێرەی گەنجی لە مۆندیالی داهاتوود دووربکەوێتەوە.
ناوەندەکانی یانە کەتەلۆنییەکە چەند هەفتەیەکە لە جموجۆڵێکی چڕدان، چ لە ئۆفیسەکان یان لە ناو یاریگادا، چونکە تیپەکەی هانزی فلیک نزیکە لە یەکلاییکردنەوەی نازناوی لالیگا، بەڵام پێکانەکەی یامال پلانی قۆناخی کۆتایی وەرزەکەی تێکداوە.
ئەم باڵە گەنجە لە یاریی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ تووشی پێکانێکی بەهێز بوو لە ژێی ماسوولکەکانی پشتی رانی چەپیدا، کە تاوەکو کۆتایی وەرز لە یاریگاکان دووری دەخاتەوە، هەرچەندە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە دەگاتە مۆندیالی هاوینە لەژێر سەرپەرشتی لویس دی لا فوێنتی.
کۆبوونەوەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتەکە
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاشکرای کردووە کە رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەکی کارکردن لە نێوان بەرپرسانی لیژنەی وەرزشی یانەکە و پسپۆڕانی چارەسەری سروشتی، راول مارتینێز و فێرناندۆ گالان ئەنجامدراوە، کە ئەم دووانە لە یەک کاتدا لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنا کاردەکەن.
ئەم کۆبوونەوانە بە ئاسایی هەموو رۆژانی دووشەممەیەک لە شارۆچکەی وەرزشی خوان گامپەر ئەنجام دەدرێن، بەڵام کۆبوونەوەی ئەمجارەیان لە دەرەوەی دامەزراوەکانی بارسێلۆنا بووە بەهۆی گرنگیی تایبەتی بۆ تاوتوێکردنی وردەکاریی پێکانەکەی یامال و پرۆسەی چاکبوونەوەی بەوردی.
گالان بەشێوەیەکی ئاسایی سەرپەرشتی یاریزانە نێودەوڵەتییەکانی بارسێلۆنا دەکات لە کاتی کەمپی هەڵبژاردەدا، ئەمەش پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان هەردوولادا ئاسان دەکات. یانەی بارسێلۆنا کارە لەپێشینەکانی خستووەتە سەر بەڕێوەبردنی پرۆسەی چاکبوونەوەی یامال بەشێوەیەکی تەندروست، بۆ ئەوەی رێگری لە مەترسی دووبارەبوونەوەی پێکانەکە بکات، کە پەیوەستە بەم جۆرە پێکانانە.
سیناریۆکەی مێسی و دیمبێلێ
کارگێڕیی بارسێلۆنا نایەوێت کاتی دیاریکراوی گەڕانەوەی یاریزانەکە خێرا بکات، بەڵکو دەیەوێت ئاگاداری هەموو وردەکارییەکان بێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر ئاستەنگێک بکات کە کاریگەری لەسەر داهاتووی یاریزانەکە هەبێت لەسەر مەودای ناوەند و درێژخایەن.
یانەکە نموونە بەو یاریزانانە دەهێنێتەوە کە پێشتر کاتی گەڕانەوەیان خێرا کرد و باجەکەیان دا لە کاروانی وەرزشییاندا، وەک لیۆنێل مێسی و عوسمان دیمبێلێ، کە دواتر فێربوون چۆن جەستەی خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی پێکانەکانیان دووبارە نەبێتەوە. نیگەرانییەکی زۆر لەناو یانەکەدا هەیە بەهۆی دوورکەوتنەوەی یامال، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکلاکردنەوەی لالیگا، ئێستا سەرنجەکان لەسەر گەڕانەوەیەتی بە باشترین شێوە.
گەڕانەوەیەکی درەنگوەخت
بارسێلۆنا بیرۆکەی گوشارکردن لە یاریزانەکە بۆ گەڕانەوە رەتدەکاتەوە؛ کارگێڕیی دەزانێت کە ئەو لە لیستی هەڵبژاردەدا دەبێت بۆ مۆندیال، بەڵام پێی باشە لە یارییەکانی سەرەتای پاڵەوانێتییەکەدا بەشداری نەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکان.
ئەگەری زۆرە یامال لە یاریی دەستپێک بەرامبەر کاپ ڤێردی لە 15ـی حوزەیران لەو پاڵەوانێتییەی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک میوانداری دەکەن بەشداری نەکات، هەروەها لە یاریی بەرامبەر سعودیە لە 21ـی حوزەیرانیش ئامادە نەبێت، تاوەکو بەڕێژەی 100٪ ئامادە بێت بۆ یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر ئۆرۆگوای و دواتر یارییەکانی قۆناخی کرانەدەرەوە.
یانەی بارسێلۆنا بەنیازە دەنگی خۆی بەرز بکاتەوە و تەندروستی یاریزانەکە بخاتە سەروو هەموو شتێکەوە، ئەگەر هەستی کرد یامال لەڕووی جەستەییەوە تەواو ئامادە نییە. کارگێڕیی کەتەلۆنی بیر لە وەرزی داهاتووش دەکاتەوە، چونکە دەیانەوێت یامال بەئامادەیی تەواوەوە دەست بە رکابەرییەکان بکاتەوە، بەتایبەتی کە ئامانجی سەرەکی بارسا لە وەرزی نوێدا بەدەستهێنانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەبێت.