ململانێی گەیشتن بە یاریی کۆتایی؛ کێ نازناوی چامپیۆنزلیگ دەباتەوە؟



رووداو دیجیتاڵ

ململانێکانی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکەن و تەنیا چوار یانە بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی و بردنەوەی نازناوەکە ماونەتەوە، پاریس سانجێرمان بەرامبەر بایرن میونشن یاریدەکات و ئارسیناڵیش رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە.
 
رکابەرییەکانی ئەم قۆناخە بە یاریی نێوان پاریس سانجێرمانی هەڵگری نازناوەکە و بایرن میونشن لە یاریگەی پارکی شازادەکان لە فەرەنسا دەستپێدەکات، هەروەها سبەی ئارسیناڵی پێشەنگی پرێمەرلیگ دەبێتە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، چاودێرانی وەرزشی پێیانوایە یاریی نێوان بایرن میونشن و پاریس سانجێرمان دەکرێت بە یاریی کۆتایی پێشوەختەی پاڵەوانێتییەکە لەقەڵەم بدرێت، چونکە هەردوو تیپەکە خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی هێرشبەری ناوازەن و شێوازێکی سەرنجڕاکێشی یاریکردنیان هەیە.
 
لە لایەکی دیکەوە رووبەڕووبوونەوەی میکێل ئارتێتا و دیێگۆ سیمیۆنی سەرنجی زۆری لەسەرە، بەتایبەت کە ئاتلێتیکۆ مەدرید لەڕووی تاکتیکییەوە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە و لە 9 یاریی رابردوودا 35 گۆڵیان تۆمارکردووە. ئارسیناڵ و ئاتلێتیکۆ بە دۆخێکی دەروونی جیاوازدا تێدەپەڕن و هەردوو راهێنەرەکەش دەیانەوێت بە بردنەوەی نازناوێکی گەورە مێژوویەکی نوێ بۆ خۆیان تۆمار بکەن.
 
سەبارەت بە یاریزانە دیارەکانی ئەم قۆناخە، مایکل ئۆلیسێ لە بایرن میونشن بە یەکێک لە مەترسیدارترین یاریزانەکان دادەنرێت، کە توانایەکی زۆری لە بڕینی بەرگریکاران و جووڵەی سەرنجڕاکێشی هەیە، لە پاریس سانجێرمانیش کڤاراتسخێلیا و عوسمان دێمبێلێ مه‌ترسییه‌کی زۆر بۆ سه‌ر رکابه‌ره‌کانیان دروست ده‌که‌ن، لە ئاتلێتیکۆ مەدریدیش جولیان ئالڤارێز هیوای یەکەمی هاندەرانی ئاتلێتیکۆیە بۆ تۆمارکردنی گۆڵ.
 
لەم وەرزەدا چەندین یاریزانی لاو دەرکەوتوون، ماکس دۆمان لە ئارسیناڵ کە تەمەنی تەنیا 16 ساڵە و لینارت کارل لە بایرن میونشن کە تەمەنی 18 ساڵە و چاوەڕوانی زۆریان لێدەکرێت، هەروەها ئەلێکساندەر پاڤلۆڤیچ لە هێڵی ناوەڕاستی بایرن و مارک پوبیڵ لە بەرگری ئاتلێتیکۆ مەدرید ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کردووە.
 
پێشبینییەکان بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی جیاوازن، هەندێک پێیانوایە پاریس سانجێرمان جارێکی دیکە نازناوەکە دەباتەوە و لەگەڵ ئارسیناڵ دەگاتە یاریی کۆتایی، هەندێکی دیکەش پێیانوایە ئارسیناڵ توانای ئەوەی هەیە ئەمساڵ هەمووان تێپەڕێنێت و بۆ یەکەمجار ببێتە پاڵەوان، بەڵام هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی بردنەوەی ئەم نازناوە پێویستی بە توانا و خۆڕاگرییەکی زۆر هەیە لە یارییە یەکلاکەرەوەکاندا.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید پێشتر لە قۆناخی کۆمەڵەکان بە ئەنجامی 4-0 بەرامبەر ئارسیناڵ دۆڕاوە، ئەمەش وادەکات ئەرکی تیپەکەی سیمیۆنێ لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا قورستر بێت.