مۆدریچ لە مۆندیال بێبەش دەبێت؟

رووداو دیجیتاڵ 

 

هەواڵێکی ناخۆش لەنێو یانەی ئەی سی میلان بڵاوبووەتەوە، دوای ئەو یەکسانبوونەی لە یاریگای سان سیرۆ  بەرامبەر یوڤێنتوس بەدەستیهێنا، لە یارییەکدا کە پڕبوو لە گرژی و بەریەککەوتنی تووند.
 
ماسیمیلیانۆ ئالێگریی راهێنەر، لە ماوەی داهاتوودا لە تواناکانی ئەستێرەی کرواتی لۆکا مۆدریچ بێبەش دەبێت، دوای ئەو پێکانە بەئازارەی لە یارییەکەدا تووشی بوو، کە گورزێکی هونەری کاریگەرە لە قۆناخێکی یەکلاکەرەوەی وەرزەکەدا.
 
پێکانەکە بەهۆی بەریەککەوتنێکی بەهێزبوو لەگەڵ مانوێل لۆکاتێلی، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یوڤێنتوس، لە تۆپێکی هاوبەشدا؛ ئەو پێکدادانە بووە هۆی شکانی ئێسکی روومەتی چەپی مۆدریچ، ئەمەش پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی بەپەلە هەیە.
 
یانەی میلان بڵآوکراوەیەکی پزیشکی بڵاوکردەوە و تێیدا وردەکاریی دۆخەکەی روونکردەوە "پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخستووە کە یاریزانەکە تووشی شکان بووە لە ئێسکی روومەتی چەپیدا، ئەمەش پێویستی بە نەشتەرگەرییە لە کاژێرەکانی داهاتوودا، وردەکاریی زیاتریش دوای تەواوبوونی نەشتەرگەرییەکە رادەگەیێنرێت".
 
لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەدا و بە دیاریکراوی لە خولەکی 75ـدا، پێکدادانێکی راستەوخۆ و تووند لەنێوان مۆدریچ و لۆکاتێلیدا روویدا، کە تێیدا هەردوو یاریزانەکە دەموچاویان بەر یەکدی کەوت، ئەمەش وای لە ناوبژیوان کرد یارییەکە رابگرێت بۆ ئەوەی چارەسەری پزیشکی وەربگرن.
 
مۆدریچ لایەنی زیانلێکەوتووی ئەو بەریەککەوتنە بوو، چونکە نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات و دەستبەجێ داوای گۆڕانکاری کرد، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای ستافی هونەری و پزیشکی دروستکرد.
 
بەپێی ئەوەی لە بڵاوکراوە فەرمییەکەدا هاتووە، یاریزانەکە لە ماوەیەکی نزیکدا نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، لەگەڵ مانەوەی تەنیا چوار گەڕ بۆ کۆتایی هاتنی خولی ئیتاڵیا، ئەگەری زۆرە مۆدریچ تاوەکو کۆتایی وەرز لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە؛ ئەمەش زیانێکی گەورەیە بۆ تیپەکە لە ململانێی بەدەستهێنانی کورسییەکی ئەورووپی.
 
لە بەرامبەردا، هەڵبژاردەی کرواتیا چاوەڕێی گۆڕانکارییەکانی باری تەندروستی کاپتنە بەئەزموونەکەیەتی، بەو هیوایەی بتوانێت بگاتە مۆندیالی 2026، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات بە دەمامکێکی پارێزەری دەموچاویشەوە یاری بکات.