خولی باسکەی پیشەگەرانی عێراق دەستپێدەکات

رووداو دیجیتال

یەکێتیی باسکەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا لە شاری بەغدا بڕیاری لەسەر بەڕێوەچوونی یارییەکانی خولی باسکەی پیشەگەرانی عێراق دا.
 
دوای ئەوەی چالاکییەکانی باسکە لە عێراق سڕبوو، یانە و یاریزانانی یارییەکەش وەرزی ئەمساڵ بێبەشبوون لە خول و پاڵەوانێتیی، دەستەیەکی نوێ بۆ ژیاندنەوەی یارییەکە بۆ یەکێتیی باسکەی عێراق بەسەرۆکایەتی دکتۆر دیار محەممەد سدیق، کە کوردە و خەڵکی سلێمانییە دەستنیشانکرا، یەکەم دروشمی کارکردنیشی زیندووکردنەوە و بەرەوپێشبردنی یارییەکەیە.
 
بڕیارە یارییەکانی خولی باسکەی پیشەگەرانی عێراق بە بەشداریی 10 یانە بەڕێوەبچێت. لە کوردستان یانەی سابیس بەشدارە و تیپەکە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە لەنێو ئامادەکارییەکی چڕدایە، یارییەکان رۆژی 12ـی مانگی پێنجی ئەمساڵ بەشێوازی دوو کۆمەڵە لە شارەکانی کەرکووک و بەغدا دەستپێدەکەن، دوای تەواوبوونی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان دوو یانە لە هەر کۆمەڵەیەک بۆ قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین سەردەکەون. 
 
دیار محەممەد سدیق، سەرۆکی یەکێتیی باسکەی عێراق، لەبارەی یارییەکانی خولەکە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئامادەکارییەکی زۆر باشمان بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکان لە هەردوو شاری کەرکووک و بەغدا کردووە، دەمەوێت یارییەکە لەسەر ئاستی هەموو شارەکانی کوردستان و عێراق ببوژێنمەوە، هەر یانەیەک بۆی هەیە یاری بە 4 یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بکات و چاوەڕواندەکرێت رکابەرییەکی بەهێز ببیندرێن".
 
یەکێتیی باسکەی عێراق بڕیاریداوە رۆژی 2ـی مانگی پێنج تیروپشکی خولەکە بەئامادەبوونی نوێنەری یانە بەشدارەکان لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەکانی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق لە بەغدا رابکێشێت، هەر یانەیەک دوای تیروپشکی خولەکە بکشێتەوە، راستەوخۆ سزا دەدرێت و دادەبەزێت بۆ خولی پلەیەکی عێراق.