بەهۆی سیاسەتەکانی ترەمپەوە، مۆندیال رووبەڕووی هەڕەشەی گەورە دەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، هۆشداریداوە لەوەی مۆندیالی 2026 لە هاوینی ئەمساڵدا، کەشی "دوورخستنەوە و تۆقین"بەسەریدا زاڵ دەبێت، ئەوەش بەهۆی هەڵمەتەکانی سەرکوتکردن لە دژی کۆچبەران و ئازادیی رۆژنامەگەری لە ئەمریکا.
 
هاوینی ئەمساڵ، ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی یارییەکانی مۆندیال دەکەن. بەشی زۆری یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە، لەنێویاندا یاریی کۆتایی، لەسەر خاکی ئەمریکا ئەنجامدەدرێن.
 
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە لە بڵاوکراوەیەکی رۆژنامەوانیدا دەڵێ، "مۆندیال لەبەردەم مەترسیی ئەوەدایە ببێتە سەکۆیەکی سیاسەتی سەرکوتکارانە، کە کۆچبەران و سەردانکەرانی ئەمریکا دەکاتە ئامانج و رەگەزپەرستی، تۆقاندن، جیاکاری و ترس دەکاتە دیاردەیەکی زاڵ".
 
رێکخراوەکە هۆشداریی داوە لەوەی کە ناوی بردووە بە "پەرەسەندنی ویستی سەرکوتکارانە و پاشەکشە لەبواری مافی مرۆڤ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".
 
هەروەها دەڵێ، گەڕانەوەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات، بووەتە هۆی زیادبوونی "هەڕەشەکان بۆ سەر ئازادیی رۆژنامەگەری و مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانە و ئاسایشی کۆمەڵگا".
 
رووداوە وەرزشییەکە لەماوەی نێوان 11ی مانگی شەش تاوەکو 19ی مانگی حەوت بەڕێوەدەچێت و لە میانیدا، لە کۆی 104 یاریی پاڵەوانێتییەکە، 78 یاریی لەسەر خاکی ئەمریکا دەبێت.
 
مایا لیپینگ، سەرۆکی بەشی هەردوو ئەمریکا لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە ئەڵمانیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێ، "هاندەران و رۆژنامەوانان و کەسانی دیکەش کە دەچنە ئەمریکا، رووبەڕووی مەترسیی گرتن، دەرکردن یان جیاکاری دەبنەوە لە سایەی ئەو دیمەنە گشتییەی حکومەتی سەرۆک ترەمپ لە وڵاتەکەدا هێناویەتە ئاراوە".
 
رێکخراوەکە جیا لە حکومەتی ئەمریکا، رەخنەی لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) گرتووە و دەڵێ، "ئەو رێکخراوە وەڵامی لاوازی هەیە بەرامبەر سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی ترەمپ".
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هەیە و هاوینی رابردوو، خەڵاتی "ئاشتیی فیفا"ی بەخشییە ئەو سەرۆکە.
 
ئەوەی ترسی گەورەی دروستکردووە، کارەکانی فەرمانگەی کۆچ و گومرگی ئەمریکایە، کە بەردەوام هەڵدەکوتێتە سەر کۆچبەرانی نایاسایی و لە وڵاتەکە دەریاندەکات.
 
هیومان رایتس وۆچ لە داتاکانی حکومەتی ئەمریکای گواستووەتەوە، لە ماوەی نێوان مانگی یەک تاوەکو مانگی سێی ساڵی 2025 ئەو فەرمانگە ئەمریکییە، کۆی 167 هەزار کەسی لەو یانزە شارەی ئەمریکا دەستگیرکردووە، کە میوانداریی یارییەکانی مۆندیالەکە دەکەن.
 
رێکخراوێکی ناحکومیی مافی مرۆڤ لە ئەمریکا ئاشکرایکردبوو، لەمیانی مۆندیالی یانەکاندا کە هاوینی رابردوو لە ئەمریکا بەڕێوەچوو و پڕۆڤەی مۆندیالی هەڵبژاردەکان بوو، پۆلیسی فەرمانگەکە، کەسێکی داواکاری مافی پەنابەرییان لە نزیک یاریگەی یاریی کۆتایی مۆندیالەکە لە نیوجێرسی، دەستگیرکرد و پاش جیاکردنەوەی لە منداڵەکانی لە وڵاتەکە دەریانکرد.
 
کێشەیەکی دیکەی مۆندیالی داهاتوو، پەیوەندی بەهاندەرانی هەندێک هەڵبژاردەی بەشداربووی پاڵەوانێتییەکە هەیە، کە حکومەتی ئەمریکا بڕیاریداوە ڤیزای چوونە نێو وڵاتەکەیان نەداتێ.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان دەڵێن، لەوانەیە هەڵبژاردەکانی ئێران، هایتی، سەنیگال و کۆتدیڤوار بەهۆی سیاسەتی قەدەخەی گەشتکردنی هاووڵاتییەکانیان بۆ ئەمریکا، ناچاربن بەبێ ئامادەبوونی هاندەرەکانیان، مۆندیالەکە ئەنجام بدەن.