گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال تووشی جەڵتە بوو

رووداو دیجیتال

میرۆسلاڤ کلۆزە، ئەستێرەی پێشوی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و گۆڵکاریی مێژوویی مۆندیال، تووشبوونی خۆی بە نەخۆشییەکی ترسناک راگەیاند و گوتی "ناچارم واز لە کاری راهێنەرایەتی بێنم".

پاڵەوانی مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئەڵمانیا لە 2014 رایگەیاند "ناچارکراوە پشوویەکی درێژ وەربگرێت، دوای ئەوەی بۆ پزیشکان دەرکەوتووە کە ئەو لە قاچیدا تووشی جەڵتە بووە و ناچارە واز لە ئەرکی راهێنەرایەتی بێنێت".

کلۆزە کە لە بایرن میونشن وەک یاریدەدەری راهێنەر وازی لە کارەکەی هێنا، گوتی "دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەم شۆکی کردم، پزیشکان هۆشداری ئەوەیان پێداوم کە نابێت گاڵتە بەو جۆرە نەخۆشییانە بکەم".

کلۆزە کە بە تۆمارکردنی 17 گۆڵ، گۆڵکاری مێژووی مۆندیالەکانە، لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی "پزیشکان داوایان لێکردووم کە لە هەموو شتێک دوورکەومەوە و بەتەواوی پشوو بدەم، نابێ لێمبدرێت، ناتوانم رابکەم و ناتوانم مەلە بکەم، لە سەرووی هەمووشیانەوە ناتوانم یاری تۆپی پێ بکەم، خەریکە شێت دەبم".

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دووپاتیانکردووەتەوە کە کلۆزەی تەمەن 42 ساڵ نزیکە لەوەی ببێتە راهێنەری فۆرتونا دوسێلدۆرف، کە یەکێکە لە یانە پلەدووەکانی ئەڵمانیا، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال دەیەوێت یەکەمجار گرنگی بە تەندروستی خۆی بدات و بەتەواوی چاکببێتەوە.

کلۆزە، گوتیشی "لەم چەند رۆژەی دواییدا زانیم کە نامەوێت بەمشێوەیە دەست بە کاری راهێنەرایەتی بکەم، نە ئێستا و نە کەمێک درەنگتریش".

کلۆزە دوای دوو هەفتە دەچێتە لای پزیشکێکی پسپۆر، کە هیوادارە پزیشکەکە ئەوکات شتێکی ئەرێنیتر پێیبڵێت، ئەو گوتی "بەداخەوە ئێستا دەبێت پشوو بدەم، بەڵام دواتر بە تووندی دەستپێدەکەمەوە و هێرش دەکەم، من دەمەوێت بەو شێوەیە ببمە راهێنەر".

کلۆزە دوای گەڕانەوەی لە پشووەکەی و چاکبوونەوە، دەیەوێت وەک راهێنەر کاربکات، بەڵام پێناچێت رازی بێت رۆڵی یاریدەدەری هانسی فلیک ببینێت، کە دوای یۆرۆی 2020 پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا وەردەگرێت، چونکە ئەو گوتی "بەردەوامبوون لە کارکردن وەک راهێنەری یاریدەدەر پێدەچێت رێچکەیەکی هەڵەبێت، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ هانزی فلیک گونجاویش بێت لەسەر ئاستی کەسیی و پیشەییەوە، بەڵام نامەوێت بەو رێگایەدا بڕۆم".