دەستەوارەیەکی خەیاڵی پێشکێشی رۆناڵدۆ کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بۆتافۆگۆی بەرازیلی دەستەوارەیەکی گەورە و خەیاڵی پێشکێشی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات و دەیەوێت ئەو یاریزانە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکاندا بباتە ریزەکانی.
 
یانەی بۆتافۆگۆ، هەنگاوەکانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و بەڕێوەبەرەکانی دەستپێکردووە و کاردەکات بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ ئەو ئەستێرە بەنێوبانگەی تۆپی پێی پۆرتوگال و جیهان بکات و یاریزانەکە بباتە بەرازیل.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی 40 ساڵە، دەیەوێت لە یارییکردن بەردەوامبێت و ویستی یارییکردنی لە مۆندیالی یانەکاندا هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی یانەکەی نەگەیشتە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی "ئەم بەشەی ژیانم کۆتاییهات، بەڵام چیرۆکەکە بەردەوامە."
 
چەند یانەیەکی جیاواز لەسەر ئاستی بەرازیل، ئەورووپا و سعودیە دەیانەوێت سوود لە ئەزموونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەربگرن و ئەو یاریزانە ببەنە ریزەکانیان.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەرازیل، یانەی بۆتافۆگۆ دەستەوارەیەکی ناوازەی بۆ رۆناڵدۆ ئامادەکردووە و لە ئەگەری رازیبوون بە یارییکردن بۆ یانەکە، هەلی ئەوەی پێدەدات، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە داهاتوودا ببێتە هاوبەشی سەرەکی لە کۆمپانیای ئیگل فۆتبۆڵ هۆڵدینگز، کە خاوەنداریەتیی یانەی بۆتافۆگۆی بەرازیلی، لیۆنی فەرەنسی، کریستال پاڵاسی ئینگلیزی، مۆلینبێکی بەلجیکی و فلۆریدای ئەمریکی دەکات.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی بەرەو کۆتاییدەچێت، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەواڵی جیاواز لەبارەی کریسەوە بڵاوکرانەوە، بەتایبەت کە مۆندیالی یانەکان نزیکبووەتەوە، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفاش لەبارەی داهاتووی ئەو یاریزانەوە گوتی "هێشتا هەلێک هەیە بۆ ئەوەی رۆناڵدۆ بەشداری لە پاڵەوانێتییەکە بکات، بەتایبەت کە گفتوگۆ لەگەڵ چەند یانەیەکی جیاواز هەیە."
 
یەکێک لەو یانانەی ئەگەری هەیە رۆناڵدۆ پەیوەندیی پێوە بکات، یانەی هیلالی سعودیە، بەتایبەت کە یانەکە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات، بەڵام یانەکە بە مەرجی ئەوەی رۆناڵدۆ بۆ ساڵێک بچێتە یانەکە ئامادەیە گرێبەست لەگەڵ ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بکات.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لەم وەرزەی خولی سعودیدا 25 گۆڵی تۆمارکرد و بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک بووە گۆڵکاری خولی سعودی، بەڵام یانەکەی نەیتوانی بگاتە خولی یانە پاڵەوانەکانی بژاردەی ئاسیا.