6 یانە دەیانەوێت ئامانجێکی بارسێلۆنا تێکبدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەیەوێت دەستبەرداری ئاندرێ تێرشتیگن، گۆڵپارێزی یانەکەی ببێت و بۆ جێگرتنەوەی ئەو گۆڵپارێزی یانەی ئیسپانیۆلی کردووەتە ئامانج، بەڵام 6 یانە دەیانەوێت ئامانجی سەرەکی یانەکە تێکبدەن.
 
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بارسێلۆنا بەردەوام کاری لەسەر گواستنەوەی ئەو گۆڵپارێزە کردووە، سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە دەڵێن "چاوەڕواندەکرێت لەنێوان رۆژی هەینی بۆ دووشەممە، بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی خوان گارسیا، گۆڵپارێزی یانەی ئیسپانیۆل کۆببنەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی گواستنەوەی بکەن."
 
بارسێلۆنا دەستەوارەیەکی فەرمیی بۆ گواستنەوەی گۆڵپارێزەکە ئامادەکردووە، لەکاتێکدا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 25 ملیۆن یۆرۆیە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو خوان گارسیا، رۆیشتنی بۆ یانەکە رەتکردەوە.
 
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ دەڵێت "بارسێلۆنا رێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ بەڕێوەبەری گۆڵپارێزەکە هەیە، بەڵام قسەی کۆتایی بۆ ئەنجامدانی ئەو گرێبەستە لەلای خوان گارسیا دەمێنێتەوە."
 
ئەوەی بەربەستی سەرەکی بەردەم یانە کەتەلۆنییەکەیە بۆ گواستنەوەی گارسیا، هەوڵەکانی 6 یانەی گەورەی ئەورووپایە بۆ گواستنەوەی گۆڵپارێزەکە، ئەوانیش ئارسیناڵ، نیوکاسڵ، ئاستۆن ڤیلا، ناپۆلی، بایرلیڤەرکوزن و ئینتەرمیلان، بەمەش ئەرکی بارسا بۆ گواستنەوەی زۆر زەحمەت دەبێت.
 
خوان گارسیا، تەمەنی 24 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئیسپانیۆل لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت، نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 20 ملیۆن یۆرۆ.