ریال مەدریدی بۆ ئارسیناڵ رەتکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی رێککەوتنی لەگەڵ مارتن زوبیمێندی، ئەستێرەی ئیسپانی و یانەی ریال سۆسیداد تەواوکرد و تەنیا ماوە بەفەرمی گرێبەستەکەی رابگەیێنێت.
 
میدیای بەریتانیا، هەواڵی پەیوەندیکردنی ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکەی بە یانەی ئارسیناڵ بڵاوکردەوە و دەڵێت" هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن و زوبیمێندی پشکنینی پزیشکیی تەواوکردووە و هەموو بەڵگەنامەکانی تایبەت بە گرێبەستەکەش بۆ پەیوەندیکردنی یاریزانەکە بە یانە ئینگلیزییەکەوە واژۆکراون."
 
یاریزانە 26 ساڵە لە پشکنینی پزیشکی دەرچووە و ئارسیناڵ ئامادەکاری بۆ راگەیاندنی گرێبەستی یاریزانەکە دەکات.
 
زوبیمێندی بەرامبەر 51 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە یانە لەندەنییەکەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەی لە هەفتەکانی کۆتاییدا یانەی ریال مەدرید هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکەی دەدا، بەڵام زوبیمێندی پەیوەندیکردنی بە ئارسیناڵەوە هەڵبژارد.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "گفتوگۆکانی گواستنەوەی یاریزانەکە لەسەر بنەمای نوێکردنەوەی گرێبەستی بوکایۆ ساکا، ویلیام سالیبا، گابریێل، لیاندرۆ ترۆسار، تۆماس پارتی، لویس سکێلی و ئیتان نوانێری گەیشتوونەتە ئامانج."
 
مارتن زوبیمێندی، لە ئەکادیمیای یانەی ریال سۆسیدادەوە دەستی بە یارییکردن کردووە، لە تیپی سێیەم، دووەم و یەکەمی یانەکە یارییکردووە و لە ساڵی 2019ـەوە لە تیپی یەکەمی ئەو یانەیە یاری دەکات، ئێستا یاریزانەکە تەمەنی 26 ساڵە و یارییکردنی بۆ ئارسیناڵ دەبێتە یەکەم ئەزموونی یاریزانەکە لە دەرەوەی ئیسپانیا.