لامین یامال داواکارییەکی سەرنجڕاکێشی لە یانەی بارسێلۆنا کردووە

رووداو دیجیتاڵ

دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، لامین یامال داوایەکی سەیری لە یانەکە کردووە و سەرنجی هەمووانی راکێشاوە.

لامین یامال، ئەو بەهرەدارەی هەمووانی سەرسامکردووە، چەند رۆژێک لە گفتوگۆدابوو لەگەڵ یانەکەی بەمەبەستی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، دوێنێ شەو، یامال و بارسێلۆنا گەیشتنە رێککەوتن و ئەو یاریزانە بەفەرمی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2031 نوێکردەوە.
 
بەپێی گرێبەستە نوێیەکەی بارسێلۆنا لەگەڵ ئەو بەهرەمەندە 17 ساڵە، هەر یانەیەک بیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی، پێویستە یەک ملیار یۆرۆ بداتە یانەی بارسێلۆنا.
 
ئەوەی سەیر بوو، لامین یامال دوای واژووکردنی گرێبەستەکەی، هیچ وێنەیەکی فەرمی نەگرتووە و یانەکەش هیچ وێنەیەکی نوێی ئەو یاریزانەی بڵاونەکردووەتەوە.
 
سەرچاوەیەکی ئیسپانی ئەوەی خستەڕوو، بڵاونەکردنەوەی وێنەی ئەو یاریزانە دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، لەسەر داواکاری خۆی بووە. لامین یامال نایەوێت بەبێ داپیرەی، ئەو وێنەیە بگرێت و داوای کردووە تاوەکو رۆژی 13/7، کە رۆژی لەدایکبوونی یامالە و کاتی گەڕانەوەی یاریزانەکەیە لە پشووی هاوینە، وێنەگرتنەکە دوابخرێت و لەو کاتەدا لەگەڵ فاتیمەی داپیرەی، وێنەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بگرێت.
 
یانەی بارسێلۆنا بڕیاریداوە لەو رۆژەدا، ئاهەنگێکی تایبەت رێکبخات و خێزان و کەسە نزیکەکانی یاریزانەکە بانگهێشت بکات بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەک، لە گرێبەستەکەی یامالدا هاتووە، ئەگەر باڵۆندۆر بباتەوە، لەلایەن یانەکەوە خەڵاتی تایبەت دەکرێت.