سەرهەڵدانی یەکەم کێشە لەبەردەم چابی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید

 رووداو دیجیتاڵ

یەکەم کێشە لەبەردەم چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید سەریهەڵدا و یاریزانانی ئەو یانەیە لە بڕیارێکی ئەو تووڕەن،
 
یانەی ریال مەدرید دوێنێ چابی ئەلۆنسۆی وەک راهێنەری نوێی تیپەکەی راگەیاند، لە شوێنی کارلۆ ئەنچێلۆتی ئیتاڵی، کە پۆستەکەی بەجێهێشت و لەمەودوا سەرکردایەتی هەڵبژاردەی بەرازیل دەکات.
 
ریال مەدرید بەمەبەستی باشترکردنی ئاستی تیپەکەی گرێبەستی لەگەڵ ئەلۆنسۆ کردووە، بەڵام وادیارە هەرزوو کێشەیەک لەبەردەم ئەو راهێنەرە گەنجەدا سەری هەڵداوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێک کە رۆژنامەی فۆت مێرکاتۆ بڵاویکردووەتەوە، تەنیا چەند کاژێرێک دوای دەستبەکاربوونی وەک راهێنەری نوێی ریال مەدرید، چابی ئەلۆنسۆ رووبەڕووی کێشەیەکی ناوخۆ بووتەوە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە نەبوونی متمانە لەنێوان یاریزانانی ریال مەدرید لە ژووری جلگۆڕیندا سەریهەڵداوە، ئەوەش دوای هەڵوێستی ئەلۆنسۆ سەبارەت بە رۆیشتنی لۆکا مۆدریچ و لوکاس ڤاسکێز کە دوو یاریزانی تیپەکەن.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، یاریزانانی ریال مەدرید رەخنەیان لە بڕیاری دەستبەرداربوون لە مۆدریچ گرتووە و پێیانوایە هێشتا تیپەکە زۆر پێویستی بە ئەزموون و سەرکردایەتی ئەو یاریزانە کرواتییە هەیە.
 
هەروەها یاریزانەکان رەخنەیان لەوەش هەیە کە تیپەکە نزیکە لە بەڕێکردنی  لوکاس ڤاسکێز.
 
فۆت مێرکاتۆ هەروەها دووپاتیکردەوە کە یاریزانانی ریال مەدرید گومانیان لە شێوازی یاریکردنی ئەلۆنسۆش هەیە و ترسیان لە جێبەجێکردنی سیستمی یاریکردن بە سێ بەرگری هەیە، کە چابی ئەلۆنسۆ لە ئەزموونی پێشووی لەگەڵ بایەرلیڤەرکوزن بەکاری دەهێنا.
 
ئەلۆنسۆ لەگەڵ بایەرلیڤەرکوزن سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکەدا سەرکردایەتی تیپەکەی کرد بۆ دووانەی ناوخۆیی، بەڵام ئایا دەتوانێت لەگەڵ ریال مەدریدیش و لەژێر گوشاردا سەرکەوتوو بێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە وەرزی داهاتوو وەڵامەکەی دەزانین.