کێشەی گەورە لە نێوان سیتێن و یاریزانانی بارسێلۆنا ئاشکرا بوو
رووداو - هەولێر
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا کێشەی گەورەیان لەگەڵ کیکی سیتێنی راهێنەریاندا هەیە و ئێستا ناکۆکیی زۆر لە نێوان هەردوولادا هەیە.
سەرچاوەکان دەڵێن یەکسانبوون لەگەڵ سێلتاڤیگۆ، وایکرد بارسێلۆنا بکەوێتە دۆخێکی خراپەوە لە رووی رکابەرایەتیکردن لەسەر نازناوی ئەمساڵی لالیگا.
رۆژنامەی مارکا یەکێکە لەوانەی باسی کێشەکانی بارسای کردووە و دەڵێ: سیتێن کۆنترۆڵی ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی لەدەستداوە، تەنانەت لە کاتی برێک تایمی ناو یارییەکاندا کە لە دوای خولەکی 30 هەر گێمێکەوە پشووی ئاو خواردنەوە بە یاریزانان دەدرێت، سیتێن ناچێتەر سەر هێڵ بۆ قسەکردن لەگەڵ یاریزانەکانی و زۆرینەی کات ئیدێر سارابیا رێنوێنی بە یاریزانەکان دەدات.
رۆژنامەکە دەڵێ: هۆکاری پاشەکشەی سیتێن بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، کە بەشێک لە یاریزانەکانی بارسێلۆنا لە کاتی ئەو کورتە پشووەدا، گوێ لە راهێنەرەکەیان ناگرن و پشتگوێیدەدخەن کاتێک قسەیان بۆ دەکات.
زیاتر دەڵێ: ئەو دۆخە لە مەشقەکانیشدا روودەدات.
مارکا کێشەکانی بارسا زۆر زیاتر پێشاندەدات و دەڵێ، لە هەندێک مەشقدا، یاریزانە گەورەکان، دەچنە دەرەوە و پێیانوایە ئەوە کات بەفیڕۆدانە، تەنانەت بەدەنگی بەرز ئەو قسەیە دەکەن و نایشارنەوە.
ئەوەی بووەتە بەڵگە لەسەر دۆخی خراپی پەیوەندی نێوان سیتێن و یاریزانەکانی، وەڵامی لویس سوارێزە بۆ رۆژنامەنووسان کاتێک لەبارەی نەبردنەوەی یانەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی پرسیاریان لێکرد و ئەو گوتی: ئەوە کاری راهێنەرانە، لەوان بپرسە.
بەپێی مارکا ئەم دۆخە وا دەکات دۆخی خۆسێ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی بارسێلۆنا لە یانەکە زیاتر بکەوێتە مەترسییەوە، چونکە ئەو پشتگیری زۆری هێنانی سیتێنی دەکرد.
دوێنێ بۆ دووەم یاری لەسەریەک، بارسێلۆنا نەیتوانی بردنەوە بەدەست بهێنێت و لەگەڵ سێلتاڤیگۆ 2-2 یەکسانبوو.