راهێنەری مارسیلیا داوای گرێبەستکردن لەگەڵ 15 یاریزان دەکات

رووداو - هەولێر

سەرچاوە رۆژنامەڤانییە فەرەنسییەکان ئاشکرایانکردووە، راهێنەری یانەی مارسیلیای فەرەنسی، داوایکردووە یانەکەی گرێبەست لەگەڵ 15 یاریزانی نوێدا بکات بۆ وەرزی داهاتوو.

سەرچاوەکان دەڵێن ئاندرێ ڤیلاش بواشی راهێنەری یانەی مارسیلیا، بۆ رێکخستنەوەی تیپەکەی بۆ وەرزی داهاتوو، داوایکردووە 15 یاریزانی نوێی بۆ بهێننە یانەکە.

رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی دەڵێ کارگێڕیی مارسیلیا، لیستێکی 15 یاریزانییان بەدەستگەیشتووە، کە راهێنەری یانەکە داوایکردوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا گرێبەستیان لەگەڵدا بکرێت.

رۆژنامەکە دەڵێ لە نێو یاریزانە داواکراوەکاندا، میکایل کۆیسانسی یاریزانی بایرن میونشن و بابی گایی یاریزانی ناوەڕاستی لۆهاڤەر هەن.

هەمان سەرچاوە دەڵێ، بواش لە کاتێکدا لە پۆرتوگال بووە لیستەکەی بۆ یانەکەی ناردووە، بەرلەوەی بگەڕێتەوە بۆ فەرەنسا لەپێناو دەستپێکردنەوەی کارەکانی بۆ وەرزی نوێ.

مارسیلیا وەرزی داهاتوو بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەکات، دوای ئەوەی لەپاش هەڵوەشاندنەوەی خولی ئەمساڵی فەرەنسا، پلەی دووەمی لە پاش پاریس سانجێرمانی پاڵەوانەوە بەدەستهێنا.