قۆناخی 16ـی مۆندیال بە دوو یاریی بەهێز دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکان دەستپێدەکەن، دوو یاری لە دوو کاتی جیاوازدا بەڕێوەدەچن و یەکەم دوو یانە دەگەنە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
لە یارییەکی بەرازیلیدا، هەردوو یانەی بۆتافۆگۆ و پاڵمێراس رووبەڕووی یەکدەبنەوە و ئەمە یەکەم یاریی قۆناخەکە دەبێت کاتێک لەسەر یاریگەی لینکۆڵن رکابەریی یەکدی دەکەن.
لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا پاڵمێراس بە یەکەمی کۆمەڵەی یەکەم و بۆتافۆگۆ بە دووەمی کۆمەڵەی دووەم سەرکەوتن، ئەمڕۆ هەردوو تیپ دەیانەوێت کاروانەکەیان بەردەوامبێت و رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی هەشت بکەن، بەتایبەت بۆتافۆگۆ دوای ئەوەی لە قۆناخی کۆمەڵەکان لە پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی ئەورووپای بردەوە.
بۆتافۆگۆ و پاڵمێراس 52 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، پاڵمێراس باڵادەستە و 23 یاریی بردووەتەوە، بۆتافۆگۆ 16 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 13 یاریی نێوانیان بەیەکسانبوون تەواو بووە.
دووەم یاریی قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکان لەنێوان هەردوو یانەی چێڵسی ئینگلیزی و بێنفیکای پۆرتوگالی بەڕێوەدەچێت.
یارییەکە لەسەر یاریگەی بانک ئۆف ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و هەردوو تیپ دوایین مەشقەکانیان بۆ یارییەکە لە رۆژی هەینی ئەنجامدا و بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەن.
چێڵسی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکاندا بە دوو بردنەوە و دۆڕانێک بە دووەمی کۆمەڵەی چوارەم سەرکەوتووە، بێنفیکا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەبوو و بە یەکەمی کۆمەڵەی سێیەم خۆی گەیاندووەتە ئەم قۆناخە.
بێنفیکا تاوەکو ئێستا لە سێ یارییدا 9 گۆڵی تۆمارکردووە و هێرشبەرییەکی باشی هەیە لە بەرامبەردا چێڵسی بە سێ یاری 5 گۆڵی تۆمارکردووە.
هەردوو یانە پێشتر سێ یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، دوانیان لە چامپیۆنزلیگدا بووە و یەکێکیان لە فایناڵی یۆرۆپالیگی 2013، چێڵسی هەموو یارییەکانی لە بێنفیکا بردووەتەوە.
یاریی یەکەمی قۆناخی 16ـی مۆندیال کاژێر 19:00 بەڕێوەدەچێت و یاریی دووەم کاژێر 23:00 دەکرێت.