پێش رووبەڕووبوونەوەی مان سیتی، گورزێکی گەورە بەر هیلال کەوت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی هیلالی سعودی، هەواڵێکی ناخۆشی بۆ هاندەرانی یانەکەی راگەیاند و ئەستێرەیەکی دیکەی یانەکە تووشی پێکانبوو.
سالم دوسەری، ئەستێرە و کاپتنی یانەی هیلال لە یاریی بەرامبەر یانەی پاچوکا کە گۆڵێکی تۆمارکرد و یارییەکەیان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، تووشی پێکانبوو.
هیلال راگەیێنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان دەرکەوتووە کە سالم دوسەری، لە ماسوولکەکانی بەشی دواوەی تووشی پێکانبووە و بەو هۆیەوە پێویستە چوار بۆ شەش هەفتە چارەسەر وەربگرێت."
ئەم هەواڵە هاندەرانی یانەکەی نیگەرانکرد، لەکاتێکدا بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە لە قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکاندا رووبەڕووی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەبنەوە، بەڵام دوسەری بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
جگە لە سالم دوسەری، لەو یارییە گرنگەکەدا ئەلیکساندەر میترۆڤیچ، هێرشبەر و گۆڵکاری یانەکەش بەشداری ناکات، یانەی هیلال دەڵێت "میترۆڤیچ لەسەر وەرگرتنی چارەسەر لە گۆڵی وەرزشیدا بەردەوامە."
ئەمە دەبێتە چوارەم یاریی لەسەریەک لە مۆندیالی یانەکاندا میترۆڤیچ بەشداری نەکات، بەمەش کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر پلانەکانی سیمۆنی ئینزاگی لە یارییەکانی مۆندیالدا.
هەریەکە لە عەبدوڵڵا حەمدان و موسعەب جوەیریش بەهەمان شێوە پێکانیان هەیە و ئەگەری هەیە بۆ ئەو یارییە ئامادەنەبن.
یانەی هیلالی سعودی تاکە یانەیە لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا گەیشتە قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکان، دوای ئەوەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە دوو یارییدا یەکسانبوو و بردنەوەیەکی تۆمارکرد.