ڤیدیۆ؛ ئەو هەواڵەی هەمووان لە ریال مەدرید دڵخۆش دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ بەشێوەیەکی ئاسایی گەڕاوەتەوە نێو مەشقەکانی یانەی ریال مەدرید و دەیەوێت لە قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکاندا یاری بکات.
 
ئێمباپێ بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە مەشقە بە کۆمەڵەکانی یانەی ریال مەدریددا کردووە و بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ ئازارێک بکات راهێنانی کردووە و دەیەوێت لە یاریی قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکاندا بەرامبەر یانەی یوڤێنتوس یاری بکات، سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا چابی ئەلۆنسۆ دڵنیا نییە لە ئامادەبوونی ئەو یاریزانە.
 
ئێمباپێ بەهۆی هەوکردنێکی تووند لە گەدەیدا لە یاریگەکان دوورکەوتەوە، بەو هۆیەوە لە هەر سێ یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا نەیتوانی یاری بکات و مۆندیالی یانەکان هێشتا بۆ ئەو یاریزانە دەستی پێنەکراوە.
 
دوای بەشداریکردنی لە مەشقەکانی رۆژی هەینیدا و راهێنانەکانی بەشێوەیەکی ئاسایی، میدیای ئیسپانیا دەڵێت "بەرامبەر یوڤێنتوس کیلیان ئێمباپێ دەگەڕێتەوە نێو یاریگەکان."
 
بەر لە یاریی بەرامبەر سالزبۆرگ، چابی ئەلۆنسۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت "دەمەوێت ئێمباپێ بۆ قۆناخی شازدەی مۆندیال بەشێوەیەکی زۆرباش ئامادەبێت."
 
بەهۆی ئەو نەخۆشییەی تووشی بووبوو، ئێمباپێ 5 کیلۆ لە کێشی کەمیکردووە و یاریزانەکە کار لەسەر گەڕاندنەوەی توانای جەستەیی دەکات، بۆ ئەوەی بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەبێت، لەکاتێکدا لە رووی هێرشبەرییەوە بۆ ریال مەدرید پێویستییەکی زۆری بە ئەستێرە فەرەنسییەکە هەیە.
 
رۆژی سێشەممە لە درێژەی یارییەکانی قۆناخی شازدەی مۆندیالدا، ریال مەدرید بەرامبەر یوڤێنتوس یاری دەکات، دەکرێت ئەوە یەکەم یاریی ئێمباپێ بێت لە مۆندیالی یانەکاندا.