ریاز مەحرەز: لە سعودیە زیاتر نزیک دەبمەوە لە خوا

رووداو دیجیتاڵ

 

ریاز مەحرز، ئەستێرەی جەزائیریی یانەی ئەهلی سعودی، لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی دەربارەی ژیانی لە سعودیە دا و ستایشی کەشوهەوا رۆحی و کولتوورییەکەی ئەو وڵاتەی کرد کە تێیدا دەژی و گوتی "لە سعودیە، هەست بە نزیکیی زیاتر لە خوا دەکەم".
 
مەحرز یەکێک بوو لە دیارترین ئەو ناوە جیهانیانەی کە لە هاوینی 2023 بە گرێبەستێک تاوەکو هاوینی 2027 پەیوەندی بە خولی رۆشنی سعودییەوە کرد. 
 
یاریزانە جەزائیرییەکە بە گۆڵ و پاسە یەکلاکەرەوەکانی رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە بردنەوەی نازناوی خولی پاڵەوانانی ئاسیای بژاردە لەلایەن یانەی ئەهلییەوە، کە یەکەم نازناوی کیشوەری بوو لە مێژووی یانەکەدا.
 
مەحرز لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، گوتی "لە سعودیە هەست بە نزیکیی زیاتر لە خوا دەکەم، مزگەوتەکان لە هەموو شوێنێکدان و ژینگەیەکی نموونەییە بۆ باوەڕ و کولتوورەکەم. لە ئینگلتەرا، دۆخەکە باش بوو، لەوێش مزگەوتی زۆر هەیە و بیرۆکەی تووند نییە. هەموو کەسێک تایبەتمەندی و ئایینی خۆی هەیە و کەس باسی ئەوی دیکە ناکات، بەڵام فەرەنسا بەدڵنیاییەوە جیاوازە، لەوێش مزگەوت هەیە، بەڵام لە ئینگلتەرا رێزگرتن زۆر زیاترە".
 
دەربارەی گرنگیی بوونی لە وڵاتێکی موسڵماندا، مەحرز جەختی کردەوە "لەلایەنی ئایینییەوە ئەمە گرنگە و زۆر یارمەتیدەرە. مزگەوت لە تەنیشتتەوەیە و ئەمەش زیاتر لە خوات نزیک دەکاتەوە، هەروەها کارئاسانیت بۆ دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەرکە ئایینییەکانت بەبێ ئەوەی تووشی کێشە بێت یان قسە و باس لەملا و لەولا دروست بێت".
 
سەبارەت بەژیانی لە سعودیە، محرز ئاماژەی بەوەدا "ئێواران راهێنان دەکەم، نزیکەی کاژێر حەوت یان هەشت. بەڕۆژ لەگەڵ منداڵەکانمم. دەیانبەم بۆ قوتابخانە و دەرفەتەکە بۆ مەلەکردن و پشوودان بەکاردەهێنم. لێرەدا دەتوانم کاتی زیاتر لەگەڵ خێزانەکەم بەسەر بەرم، هەرچەندە مەرج نییە ئەمە باشترین خشتەی کار بێت، من پێم باشترە بەیانیان راهێنان بکەم".