لالیگا دەرگا بۆ یانەکانی دهۆک و زاخۆ دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی لالیگای ئیسپانیا، رەزامەندیی خۆیان بۆ پشتیوانیکردنی هەردوو یانەی وەرزشیی دهۆک و زاخۆ و تیپە وەرزشییەکان نیشاندا، ئەم هەنگاوە دوای هەوڵەکانی پارێزگاری دهۆک دێت.
لە هەفتەی رابردوودا، رێکەوتی 22ـی مانگی 7ـی 2025، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، پێشوازیی لە خاتوو "ئەلیشیا ریکۆ"، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لەبارەی چەندین بابەتی دیپلۆماسی و بازرگانی و بەتایبەت هەماهەنگیی وەرزشی کرا.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان، بەدەستهێنانی پشتیوانی و هاوکاریی لالیگای ئیسپانیا بوو بۆ پێشخستنی هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ و تیپە وەرزشییەکانی لاوان لە سنووری پارێزگاکە.
دوای گەڕانەوەی، باڵیۆزی ئیسپانیا نامەیەکی تایبەتی ئاراستەی پارێزگاری دهۆک کرد. لە نامەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەوان قسەیان لەگەڵ بەرپرسانی لالیگا کردووە و لالیگا ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی هەردوو یانەکە و پێگەیاندنی گەنج و لاوە وەرزشوانەکان دەربڕیوە.