بالۆتێلی تەمبێ نابێت

رووداو دیجیتاڵ

ماریۆ بالۆتێلی، دووبارە مشتومڕ دەنێتەوە و هێرش دەکاتە سەر یاریزانێکی هاوڕێی و لێیدەدات.

ماریۆ بالۆتێلی، کە ئێستا لە خولی تورکیا یاری بۆ یانەی ئەدەنا دەمیر سپۆر دەکات، لە کاتی یاریی یانەکەی بەرامبەر کۆنیا سپۆر بەوە رازی نەبوو کە راهێنەرەکەی گۆڕانی پێبکات و جارێکی دیکە کۆنترۆلی خۆی لەدەستدایەوە.

رۆژنامەکانی ئیتاڵیا رایانگەیاند کە هێرشبەرە ئیتاڵییەکە، کاتێک لە خولەکی 57 لەلایەن راهێنەرەکەی دانیشێنرا، کە ئەوکات ئەنجامی یارییەکە 0 - 0 بوو، زۆر تووڕەبوو، بەڵام دوای دوو خولەک لە چوونە دەرەوەی، بریت ئاسۆمبالۆنگای هاوڕێی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئەدەنا دەمیر سپۆر تۆمارکرد، کەچی ماریۆ لەجیاتی دڵخۆشبوون بەو گۆڵە تووڕەبوو، دەستی بە جنێودان و سووکایەتیکردن بە هاوڕێکانی کرد و تەنانەت لە هاوتیمێکیشیدا، کە لەسەر کورسییەکانی یەدەگ لە تەنیشتی دانیشتبوو.

 

لە سەرکێشییە نوێیەکەیدا لە تورکیادا، هەر زوو ئاماژەکان بۆ ئەوە چوون کە بالۆتێلی سەرکەوتوو نابێت و وەک هەمیشە کۆنترۆلی خۆی ناکات و لەوێش ناحەوێتەوە، چونکە هەر زوو پەیوەندییەکانی بالۆتێلی لەگەڵ سامیت ئەیبابای راهێنەری تێکچوون، کە لەم هەفتەیەدا راهێنەرەکەی بەئاشکرا رەخنەی لێگرت.

ماریۆ بالۆتێلی، تەمەن 31 ساڵی ئەم هاوینە لە مۆنزاوە بە گرێبەستێک تا مانگی حوزەیرانی 2024 پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ئەدەنا دەمیر سپۆرەوە کرد، بەڵام پێناچێت تاوەکو سەر لەگەڵیدا بەردەوام بێت.

هێرشبەری ئیتاڵی، لە هاوینی 2020 گەڕایەوە ئیتاڵیا، لە رێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ یانەی بریشیا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، نەیانتوانی بگەنە خولی پلە یەکەکانی ئیتاڵیا، دواتر ماوەی 6 مانگ بەبێ یانە مایەوە بەر لەوەی بچێتە ریزەکانی یانەی مانزۆ، ئینجا جارێکی دیکە بەبێ یانە مایەوە".

ماریۆ بالۆتێلی هەمیشە کێشە بۆ هەر یانەیەک دەنێتەوە کە یاری بۆ دەکات، سەرەڕای ئەوەی بەوە پاساو بۆ رەفتارەکانی دەهێنێتەوە کە رووبەڕووی رەگەزپەرستی دەبێتەوە.

ماریۆ ئەوکاتەی یاریزانی یانەی بریشیای ئیتاڵی بوو، لە یارییەکی یانەکەی بەرامبەر  هێلاس ڤیرۆنادا به‌شێك له‌ هانده‌رانی یانه‌ی خاوه‌ن یاریگه‌ ره‌گه‌زپه‌رستیان له‌دژی به‌كارهێنا و به‌ ده‌ربڕینی ده‌نگی مه‌یموون سووكایه‌تیان به‌ بالۆتێلی كرد، كه‌ به‌رگه‌ی دیمه‌نه‌كه‌ی نه‌گرت و تۆپه‌كه‌ی له‌ جه‌ماوه‌ر گرت و ویستی له‌ یاریگه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام یاریزانانی هه‌ردوو یانه‌ رێگه‌یان لێگرت و هه‌وڵیاندا ئارامی بكه‌نه‌وه‌.

هێرشبەری پێشووی میلان، ئینتەرمیلان و مانچێستەر سیتی، دوای یارییەکە به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ هێرشی كرده‌ سه‌ر سه‌رۆك و راهێنه‌ری هێلاس ڤیرۆنا و به‌ ناپیاو وه‌سفیكردن، كه‌ گوتبوویان "گوێمان له‌ هیچ هوتافێكی ره‌گه‌زپه‌رستی نه‌بووه‌". بالۆتێلی نووسیبووی "سوپاس له‌ دڵه‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی پشتیوانم بوون، ئێوه‌ سه‌لماندتان كه‌ پیاون، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی بڕوا به‌ به‌ڵگه‌كان ناكه‌ن".