چەند وەڵامێک تایبەت بە رۆناڵدۆ.. هیچی بەبەرەوە ماوە؟

نووسینی سەفین تەها 
 
لەوانەیە من یەکێکبم لەو هەوادارە وەرزشییانەی کە رۆژێک لە رۆژان هاندەری مێسی و کریستیانۆ نەبووبم، چێژم لە جادووی ئەو دووانە وەرنەگرتووە، خۆ ئەگەر ئەمجارە تەمەن بگەڕێتەوە بێگومان ئەو هەڵەیە ناکەم، بەڵام ئایا بەجیددی، هاندەربوونی یەکێک لەو دووانە وات لێدەکات کە مێژووی رکابەرەکەی بسڕیتەوە؟ بچووکی بکەیتەوە؟ قسەی پێبڵێیت؟ ئەگەر وابێت کەواتە من بڕیارێکی بآشم داوە کە هاندەری هیچیان نەبووم! ( ئەمەم بۆیە نووسی بۆ ئەو کەسانەی کە لەگەڵ رۆیشتنی مێسی بۆ پاریس، گەڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ مانچێستەر و لەدوای 15 ساڵ لە ململانێ، تازەبەتازە دانیشتوون یەکتری زەڕبی سفر دەکەن).

با وەڵامی پرسیارە دیارەکان بدەمەوە... 

ئایا رۆناڵدۆ لە یوڤێنتوس شکستیهێنا؟ 

ئەگەر سەرکەوتنی هەر یاریزانێک دەبەستیتەوە بە بردنەوەی خولی یانە پاڵەوانەکانەوە، یان بەبردنەوەی نازناوێكی دیاریکراوەوە ئەوا هەڵەیت، بۆچی؟ ئاخر ئەگەر تۆ ئەو بۆچوونەت هەبێت، کەواتە دەبێ بڵێین مێسیش هەتا کۆپا ئەمریکای نەبرد یاریزانێکی شکستخواردووبوو لە ئەرجەنتین، ئایا بەڕاست ئەمە پێوەرە؟ ئەگەر ئەمە پێوەرە من لەگەڵی نیم، مێسی و رۆناڵدۆ 10 ساڵ زیاترە وەڵامی ئەوەیان داوەتەوە کە شکست لە هەگبەیاندا نییە، ئەی ئەمەی رۆناڵدۆ چی بوو؟

ئەو ئامارانەی رۆناڵدۆ لە یوڤێ هەیبوو ئی یاریزانێکی شکستخواردوو نییە، گۆڵکەری خول، تۆمارکردنی زیاتر لە 100 گۆڵ لە سێ ساڵدا و هتد، بەڵام ئەوەی شکستخواردووبوو یوڤێتنوس بوو نەک رۆناڵدۆ، ئاخر لە ماوەی سێ ساڵدا سێ راهێنەر کاریان لەگەڵ رۆناڵدۆ کرد، یەکێکیان ویستی ستایلی هەموو مێژووی یاریکردنی یوڤێنتوس بە یەک مانگ بگۆڕێت مەبەستم سارییە و خراپ بوو، ئەوەی دیکە لە ژیانی کاری راهێنەرایەتیی نەکردبوو، بەڵام ئەو راهێنەری کە لەسەر ئاستی جیهان لە تۆپە ئالێگری بوو، ئەو راهێنەرە بەوە ناسراوە کە یاری بۆ یەک یاریزان ناکات، لەکوێدا پێویستی بە بەرگریکردن بووبێت ئاساییە بەلایەوە باشترین یاریزانی بۆ بەرگریکەرێک دابنیشێت بەڵام کە تۆ رۆناڵدۆ لە تیپەکەت هەبێت بیر لە بەرگری دەکەیتەوە؟

بە کورتی: یوڤێنتوس ماڵی لە گەڕەکێکی هەژار بوو، لە پڕێکدا نیو ملیۆن دۆلاری دەستکەوت، لەجیاتی ئەوەی بچێت ژیانێکی خۆشتر لە شوێنێکی باشتر بنیادبنێت، چوو لامبەرگینییەکی کڕی! بیهێنە بەرچآوی خۆت، دەبێ چی دەربچێت؟ 

یوڤێنتوس کوێرانە رۆناڵدۆی کڕی، هەر کوێرانەش بەکاری هێنا، ئاخر تۆ دوو خراپترین باڵی بەرگری و دوو خراپترین ناوەڕاستت لەسەر ئاستی یانە گەورەکان هەیە، خاوەنی دیبالایەکی کە 3 یاری یاری دەکات و 10 پێکانە، بەنیازی رۆناڵدۆ ببێتە ئایرۆنمان؟ یوڤێ نەیتوانی خزمەتی رۆناڵدۆ بکات و رۆناڵدۆش ئەوەی پێیکرا کردی، لەو قوڕەش هەر ئەوەندە تۆز هەڵدەستێ.

ئایا کەس رۆناڵدۆی نەویست؟ 

ئەم قسەیە زۆر دەبینم، ناشکرێ من تاک بە تاک دانیشم و بۆیان روونبکەمەوە کە ئەم قسەیە لۆژیکی نییە، کە تۆ وادەڵێیت مێژووی یاریزانێک دەخەیتە سەرزەوی کە 15 ساڵە لەگەڵ ئەو یاریزانەی تۆ خۆشتدەوێ شانیان بە شانی ئەو کەمتر یان زیاتر نەبووە، وادیارە ئەوەی وابیردەکاتەوە تازە لە دنیای مێرکاتۆ و گرێبەستەکان تێدەگات و دێتە ناوییەوە، ئاخر تۆ دەبێت ئەوە بزانیت هەمووجارێک یانەکان ناچن لە دەرگای یاریزانەکان بدەن، ئاخر ناردنی ئۆفەر بۆ مێسی و رۆناڵدۆ هەروا ئاسان نییە کە تۆ بیری لێدەکەیتەوە، تۆ یەکەمشت دەبێت بزانی ئەو یاریزانە دەیەوێ بڕوات یان نا؟ مووچەکەی چەندە؟ پلانت هەیە بۆ گواستنەوەی ئەو چیدیکە بکەیت؟ هەر وەک ئەوەی یوڤێتنوس کە رۆناڵدۆی بەبێ هیچ بەرنامەیەک کڕی، خۆ گواستنەوەی رۆناڵدۆ مێسی هەموو رۆژێک روونادات، بەڵام کە روودەدات هەموو جیهان شۆک دەکات، کاتێک بەرپرسانی یوڤێنتوس دەڵێن رۆناڵدۆ دەمێنێتەوە، ئێ خۆ ئەگەر رۆناڵدۆ نیازی رۆیشتنی هەبێت نایات لەسەر تیڤی بڵێ من دەمەوێ بڕۆم و یانەیەک بابێتە پێشەوە! هەر دەبێت لە رێگەی بەڕێوەبەری کارەکانییەوە پەیوەندی بە یانەکانەوە بکات بزانێت کوێ ئامادەیە بۆ ئەوەی مەسروفاتی رۆناڵدۆ هەڵبسووڕێنێت.

دەگوترێ گواردیۆلا رۆناڵدۆی بە 30 ملیۆن یۆرۆ نەویست، ئێ گواردیۆلا رۆناڵدۆی نەویست باشە منیش رازیم، بەڵام خۆ گواردیۆلا مێسیشی بە خۆڕایی نەویست! ئەها چەند ناخۆشە وەک خۆت وەڵام بدرێیتەوە، ئاخر بۆیە من لە هەموو نموونیەکدا مێسی و رۆناڵدۆ دەهێنمەوە، بۆ دەزانم تۆی خوێنەر مەیلت بەلای یەکێكیاندا هەیە.

خۆ ئەگەر بڵێین جگە لە مانچێستەر یوناتد کەس رۆناڵدۆی نەویست، باشە لەم هاوینەدا کام یانە بوو جگە لە پاریس گرێبەستی بۆ مێسی نارد؟ ئاخر یەک تۆز بیربکەنەوە ئەم قسانە ناکەن و واز لەم دژایەتییە ناشرینە دەهێنن، ئەو دوو ساڵیان ماوە، بەخوا کە وازیشیان هێنا ئێوە هەر بەردەوامن، ئەوە فڵیانیان بۆچی نەبووە راهێنەر، بەخوا کەس ئەمەی ناوێ، ئەها ئەمەیان زیاتر لەو پیرتر بووە، بەسە تکایە..!


رۆناڵدۆی مانچێستەر چی پێدەکرێت؟

چاوەڕێ مەبن ڤێرژنێکی نوێی رۆناڵدۆ ببینن، ئەپدەیتکردن لە ژیانی ئەو دوو ئەفسانەیەدا هەبووە بەڵام ئێستا تەمەن رێگە نادات، رۆناڵدۆ لە مانچێستەر یونایتد لە بۆکسدا دەبێت، هەندێکجار بۆ رزگاربوون لە چاودێری دێتە دەرەوە، جیاوازیی یاریکردنی مان یونایتد و یوڤێتنوس بۆ رۆناڵدۆ ئەمەیە، لە یوڤێنتوس کاتێک هێرش لە گۆڵپارێزەوە دەستیپێدەکرد، زۆر بە خاوی بە نێوەڕاستدا دەچووە پێشەوە، بەڵام لە مانچێستەر ئەمە خێراترە، بۆ نموونە تۆپێک بدە بە پۆگبا یان فێرناندێز، بە پاسێکی درێژ چارەسەری دەکات، باڵەکانی خێران، ئەوەی لە مان یونایتد دەیبینین بەبڕوای من هەمووان لە پێناو رۆناڵدۆدا دەجەنگن، ئەگەر وانەکەن خراپ دەبێت، بە نەبین بە ساحیر و فاڵچی، لێیگەڕێین بۆ کات، لە وەختی خۆیدا وەڵام و قسەی لەسەر دەکەم.

هەرچۆنێک بێت، کەشی مانچێستەر بۆ رۆناڵدۆ زۆر نموونەییترە لە یوڤێنتوس و مان سیتی، مەسەلەی رۆناڵدۆ لە مان یونایتد پەیوەندی بە نازناو و دەستەکەوت و ئەو شتانەوە نییە، مەسەلەی عیشقە، پێگەی جەماوەرییە، ئاسایی وەریبگرە ئەگەر تا چوار هەفتەش گۆڵ نەکات، نازناو نەبات، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێرە لە هەموو شوێنێک بۆ دۆن باشترە وەک کەسایەتی، منیش حەزمدەکرد بچێتە سیتی، گواردیۆلایەک بتوانێ فێران تۆرێس و ستێرلینگ و جیسوس بکاتە گۆڵکەر، ئەی دەبێت چی لە رۆناڵدۆ بکات، بەڵام نە گواردیۆلا یاریزانێکی دەوێ لەخۆی گەورەتر، هەڵوێستەکانی پێشووتری بەرامبەر بە رۆناڵدۆ ئەوەیان لێ قبووڵ دەکرد.

تکایە تەنیا بیر لە چێژ بکەرەوە، دڵی هاوڕێکەت لەسەر ئەم بابەتانە مەیەشێنە، ئەوە بۆ سەردەمێک خۆشبوو، ئیستا زۆریان نەماوە، من چەنێک تامەزرۆی رۆژی یەکشەممەم کە مێسی ببینم بە درێسی پاریسەوە، ئەوەندە بۆ رۆناڵدۆکەی مانچێستەر، دەی ئێوەش وابکەن، بزانە چێژی تۆپی پێ چەند خۆشە.