پاڵەوانێتی هونەری شەڕی تێکەڵاوی عێراق لە بەغدا بەڕێوەدەچێت
رووداو هەولێر
لیژنەی هونەری شەڕی تێکەڵاوی عێراق پاڵەوانێتی کراوەی یاریزانانی عێراق لە شاری بەغدا سازدەکات، بەمەبەستی زیاتر بڵاوکردنەوەی یارییەکە لەنێو یانە و هۆڵە وەرزشییەکان.
یاری هونەری شەڕی تێکەڵاو شەڕی دوو یاریزانە لەنێو قەفەزێکی رەشدا کە رووبەڕەکەی 9 مەترە، ساڵی 2009 بۆ یەکەمجار ئەم یارییە لە عێراق ئەنجامدراوە.
رائید جەمیل، سەرۆکی لیژنەی هونەری شەڕی تێکەڵاوی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "رۆژی 30ـی مانگی ئەیلوول پاڵەوانێتی کراوەی عێراق بە بەشداری زیاتر لە 250 یاریزانی لەسەر ئاستی هەموو هۆڵ و یانەکانی پارێزگاکان بۆ ماوەی دوو رۆژ لەنێو هۆڵی یانەی ئەعزەمییە ساز دەکەین".
ساڵانە لیژنەی هونەری شەڕی تێکەڵاوی عێراق 3 پاڵەوانێتی بۆ یاریزانانی ناوخۆی ساز دەکات لەگەڵ 2 پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی کە میوانداری چەند پاڵەوانێکی جیهانی دێنە عێراق بۆ رکابەری.
جەمیل زیاتر گوتی "رۆژی یەکەمی پاڵەوانێتیەکە بۆ یاریزانە سەرەتاییەکانە و دەمانەوێت زیاتر یارییەکە لەنێو لاوەکانمان بڵاوبکەینەوە، لەبەرئەوەی ساڵی داهاتوو فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی یاریزانە سەرەتاییەکان لە شاری ئەبوزەبی ساز دەکرێت و دەمانەوێت ئێمەش بەشداری بکەین، دووەم رۆژ کێبرکێکە زۆر بەهێز دەبێت، لەبەرئەوەی چەند یاریزانێکی نێودەوڵەتی یاریدەکەن".
یاری هونەری شەڕی تێکەڵاو گەیشتووەتە شارەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک لقی لیژنەی هونەری شەڕی تێکەڵاو لە شارەکاندا کراوەتەوە و دەستیان بە چالاکی کردووە.
پشتیوان لەتیف میرانی، سەرۆکی لقی هەولێری لیژنەی هونەری شەڕی تێکەڵاوی عێراق لەبارەی بەشداریکردنیان لە پاڵەوانێتی عێراق بۆ رووداوی روونکردەوە "هەواهەنگیەکی زۆر باشمان هەیە لەگەڵ برایانمان لە شاری بەغدا بۆ ئەوەی یارییەکە لەسەر شێوازێکی ئەکادیمی لە هەولێر بڵاوبکەینەوە، هەروەها پێمان باشە یاریزانانمان بەشداری بکەن و ئەزموونیان زیاتر لەو یارییە هەبێت".
لەسەر ئاستی عێراق 4500 یاریزان یاری هونەری شەڕی تێکەڵاو ئەنجامدەدەن.