ئامۆژگارییەک بۆ لامین: لەگەڵ ئافرەتێکدا گەشت مەکە لەخۆت گەورەتر بێت


رووداو دیجیتاڵ

فریدی ئیدۆ، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئەمریکا، ئامۆژگاریی لامین یامالی ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنای کردووە، بەوەی هەڵەکانی ئەم دووبارەنەکاتەوە کە بوونە هۆکاری کۆتایی پێهێنانی کاروانەکەی لە تۆپی پێدا. ئیدۆ بەلامین دەڵێ، لەگەڵ ئافرەتێکدا گەشت مەکە کە لە خۆت گەورەترە، تەنیا دایکت نەبێت.
 
ئیدۆ لەدەیەی سەرەتای ئەم سەدەیەدا، وەک یەکێک لە دیارترین یاریزانە لاوەکان دەرکەوت، ناونرا پێلێی نوێ و لە تەمەنی 14 ساڵیدا گرێبەستی لەگەڵ دی سی یونایتدی ئەمریکی کرد، پاش دوو ساڵ بووە یاریزانی سەرەکی هەڵبژاردەی ئەمریکا، بەڵام هەرزوو پاشەکشەی کرد و ساڵی 2021 لە تەمەنی 32 ساڵیدا بەیەکجاری وازی لەیارییکردن هێنا، پاش گۆڕینی چەندین یانەی جیاواز لە پۆرتوگال، یۆنان، تورکیا، بەرازیل، سڕبیا و سوێد.
 
ئیدۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێ، "ئامۆژگاریی لامین دەکەم لە هەموو ئەو شتانە دووربکەوێتەوە کە سەرنجی ئەو لەسەر تۆپی پێ لادەبەن، من دەزانم مەبەستم چییە".
 
لامین وێڕای بەهرە گەورەکەی و درەوشانەوە ناوازەکەی لە یاریگەکاندا، رووبەڕووی رەخنەی زۆری میدیاکان بووەتەوە بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی لە دەرەوەی یاریگە، خۆشویستنی ئاهەنگە گەرمەکان و گۆڕینی چەندین کچەهاوڕێ، ئەگەرچی تەمەنی لە هاوینی ئەمساڵدا بووەتە 18 ساڵ.
 
لامین لەماوەی رابردوودا رووبەڕووی تۆمەتبارکردن کرایەوەی بەوەی لە ئاهەنگی ساڵیادی 18ی لەدایکبوونیدا، ژمارەیەک کورتەباڵای بۆ گاڵتە و گەپ بەکارهێناوە.
 
ئیدۆ دەڵێ، ئەوەی لامین تێیدا دەژی کارێکی سەختە، ناتوانێ وەک گەنجێکی ئاسایی بژی، من لە کاتێکدا ئەوە دەڵێم کە لە ئەمریکاوە چاودێریی هەموو شتێکی ئەو دەکەم و دەشزانم تۆپی پێ یاریی یەکەمی دڵخوازی خەڵک نییە لە وڵاتەکەی مندا.
 
یاریزانە ئەمریکییەکە هەروەها دەڵێ، لە رۆژنامەکاندا بینیم کە ئەو لەگەڵ ئافرەتێکی لەخۆی گەورەتر چووەتە پشوو، هەروەها دواتر لەگەڵ ئافرەتێکی دیکەدا دەرکەوتووە کە ئەویش لەخۆی گەورەترە، ئامۆژگاریی من بۆ ئەو ئەوەیە کە پێی دەڵێم، هەرگیز لەگەڵ ئافرەتێکی لەخۆت گەورەتر مەچۆ دەرەوە، تەنیا دایکت نەبێت. چونکە دەزانم لەو قۆناخەدا ئەو هەڵسوکەوتە دەتکایە جێگەی مشتومڕ و سەرنجی خەڵک و بەوەش بیرکردنەوەت پەرت دەبێت.
 
ئیدۆ کە 17 یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەمریکا کردووە، هەروەها دەڵێ، کاتێک تەمەنم کەم بوو هەڵەی زۆرمکرد، هەندێک هاوڕێم ناسی و یەکێکیان بانگهێشتی ئاهەنگێکی کردم و لەوێ وێنەکەیم گیرا و بڵاوبووەوە، ئیدی وێنەکە بووە جێگەی باسوخواسی خەڵک و ئەوەش وایکرد من زۆر کاتی خۆم لە دەرەوەی تۆپی پێ بەسەرببەم و رووبەڕووی کێشەی زۆر ببمەوە.
 
لامین یامال بەپێی میدیاکان ئێستا پەیوەندی لەگەڵ نیکی نیکۆلی گۆرانیبێژی ئەرجەنتینی هەیە کە نزیکەی پێنج ساڵ لەخۆی گەورەترە.