لەدوای شکستەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، ژووری جلگۆڕینی ریال پڕی هاوار، گریان و جنێو بووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، لە دوای شکستە گەورەکەی ریال مەدرید بەرامبەر ئاتلێتیکۆ لە دێربیی مەدرید، لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید دەنگی گریان و جنێو و هاوار بیستراوە.
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریگەی خۆیدا 5 - 2 لە ریال مەدریدی بردەوە و ئەوەش ئەنجامێکە لە 75 ساڵی رابردوودا رووینەداوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، دوای یارییەکە لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، هەندێک یاریزان دەستەواژەی نەشیاویان بەکارهێناوە، لەیەکدی تووڕەبوون و هەندێکیش بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
ماڵپەری 'دیڤێنسا سێنتراڵ'، ئاشکرایکردووە، دۆخەکە لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید زۆر قورس بووە، لە دوای چوونە ژوورەوەی یاریزانان لەپاش یارییەکە، هەندێک یاریزان بەدەنگی بەرز جنێویان داوە، بەڵام روون نەبووە، جنێوەکان بۆ کێ بوون. هاواریان بەسەریەکدیدا کردووە و ناو ژوورەکە پڕبووە لە نەفرەتباران.
ماڵپەرەکە دەڵێ، بەپێچەوانەوە، ئەوەی لە ژووری یاریزانانی ئاتلێتیکۆ مەدرید بیستراوە، تەنیا ئاهەنگ گێڕان و پیرۆزبایی و پەسنی توانای یەکدی بووە.
دیڤێنسا سێنتراڵ دەڵێ، یاریزانانی ریال مەدرید لە دوای یارییەکە لەنێوخۆیاندا گوتوویانە، "یارییەکی زۆر خراپ بوو، ئاستمان شەرمهێن بوو". هەندێک یاریزانی دیکەش زۆر بەتووڕەییەوە مامەڵەیان لەگەڵ یەکدی کردووە، لە کاتێکدا هەندێکیان تەنیا بێدەنگییان هەڵبژاردووە. هەندێکیش گریاون، بەڵام دیار نییە کێ بووە ئەو یاریزانەی گریاوە.
راپۆرتەکە زیاتر دەڵێ، یاریزانەکان هەستیان بەوە کردووە کە خۆیان دەستخەڕۆ کردووە، بەتایبەت خراپترین ئاستیان پێشاندا و بوونە مایەی سەرسوڕمانی هەمووان کە پێشبینییان دەکرد درێژە بەئەنجامە باشەکانی تیپەکە بدەن.
ئەو ماڵپەرە دەڵێ، هەندێک یاریزان گوتوویانە "ئەمە ئاستی ئێمە نییە"، بەڵێنیانداوە لە داهاتوودا هەمان ئاست دووبارەنەکەوە.
ریال مەدرید هەلی مانەوە لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگای لەدەستدا، ئەگەر ئەمشەو بارسێلۆنا لە ریال سۆسێداد بباتەوە، پێشەنگی خولەکە وەردەگرێت.