ڤیدیۆ؛ بایرلیڤەرکۆزن و بۆرووسیا دۆرتموند رێگەی سەرکەوتنیان دۆزییەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

بایرلیڤەرکۆزن و بۆرووسیا دۆرتموند جارێکی دیکە رێگەی سەرکەوتنیان دۆزییەوە و هەریەکێکیان سێ خاڵی گرنگیان بەدەستهینا.
 
بایرلیڤەرکۆزن جارێکی دیکە رێگەی سەرکەوتنەکانی دۆزییەوە و بە سەرکەوتنێکی گرنگ و زەحمەت سێ خاڵی بەدەستهێنا.
 
بایرلیڤەرکوزن لە گەڕی پێنجەمی بوندێسلیگادا بووە میوانی سانت پاولی و 2-1 لێیبردەوە.
 
لە خولەکی 25 ئیدمۆند تاپسۆپا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ تیپی میوان تۆمارکرد.
 
خۆشییەکەی بایرلیڤەرکۆزن درێژەی نەخایاند و دوای تەنیا 7 خولەک هاوكی واهل گۆڵی یەکسانبوونی بۆ سانت پاولی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون بەئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا هەموو شتێک هاوسەنگ و یەکسانبوو، جیاوازییەکە تەنیا ئەوەبوو کە لە خولەکی 58ـدا ئێرنێست پۆکو بە ئەسیستێکی ئەلیخاندرۆ گریماڵدۆ گۆڵی دووەمی بۆ لیڤەرکوزن تۆمارکرد.
 
یارییەکە بەبردنەوەی بایرلیڤەرکوزن کۆتاییهات و ژمارەی خاڵەکانی گەیشتە 8 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندیی خولەکە، لەکاتێکدا سانت پاولی 7 خاڵی هەیە و پلەی 7ـی گرتووە.
 
 
لە یارییەکی دیکەی پڕ لە چێژدا، بۆرووسیا دۆرتمۆند لە گەڕی پێنجەمی بوندێسلیگادا بە بردنەوەیەکی زەحمەت لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا پلەی دووەمی بریزبەندیی بوندێسلیگای بەدەستهێنایەوە.
 
دۆرتموند بووە میوانی ماینز و 2-0 لێیبردەوە.
 
یانەی میوان پێش یارییەکە زیانی پێگەیشت کاتێک سێرهۆو گیراسیی گۆڵکاری یانەکە، لە کاتی گەرمکردندا ماسوولکەیەکی گرژ بوو، بەڵام جولیان برانت، کە لە شوێنی ئەو وەک یاریزانێکی سەرەکی دەستیپێکرد، دوو ئەسیستی کرد.
 
برانت لە خولەکی 27 تۆپێکی گەیاندە دانیال سڤێنسۆن و  ئەو گۆڵی پێشکەوتنی بۆ دۆرتموند تۆمارکرد
.
دۆرتمۆند لە خولەکی 40دا ئەنجامەکەی کردە 2-0 کاتێک کەریم ئادیمی تۆپەکەی برد و لەگەڵ برانت ئاڵوگۆڕی پاسیان کرد و کەریم بە ئارامی گۆڵی دووەمی خۆی لە دوو یاریی یەک لە دوای یەکدا تۆمارکرد.
 
ماینز بە 10 یاریزانەوە مایەوە کاتێک زێنتنەر کارتی سووری راستەوخۆی لەلایەن ناوبژیوانەوە پێدرا بەهۆی ئەوەی لە ئادیمی دا.
 
چوارەم بردنەوەی لەسەریەک دۆرتمۆندی گەیاندە پلەی دووەمی ریزبەندیی بۆندسلیگا، بەجیاوازی 2 خاڵ لە دوای بایرن میونشنی پێشەنگەوە. ماینزیش بە تەنیا 4 خاڵ پلەی 13ـی گرتووە.