رۆناڵدۆ و مێسی پێشەوایەتی پاڵێوراوانی باشترینی جیهان دەکەن


فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ و گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ، لیستی ناوی ئەو یاریزانانەیان راگەیاند کە پاڵێوراون بۆ بەدەستهێنانی نازناوی باشترین یاریزانی جیهان بۆ ساڵی 2014.

لیستەکە سەرەتاییە و ناوی بیست و سێ یاریزان لە خۆ دەگرێت کە لە ساڵی رابردوودا خاوەنی دەستکەوت بوون لەگەڵ هەڵبژاردە و یانەکانیان و لە پێشەنگی لیستەکەشدا ناوی کریستیانۆ رۆناڵد و لیۆنێل مێسی دەبینرێن، لەگەڵ چەندین یاریزانی ئەڵمانیدا کە هاوینی رابردوو پێشەوایەتی هەڵبژاردەی مانشافتیان کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 2014.

جارێکی دیکە پێشبڕکێی یاریزانان لەسەر دەستنیشانکردنی باشترین یاریزانی ساڵ هاتەوە بەرباس و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ، بە هاوبەشیی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ ناوی 23 یاریزانی پاڵێوراو بۆ باشترین یاریزانی ساڵی 2014یان راگەیاند.

فیدراسیۆنەکە لە سەرجەم هەڵبژاردە و یانەکانی جیهاندا، تەنیا 23 یاریزانی دەستنیشانکردووە کە لە کۆتاییدا یەکێکیان خەڵاتەکە دەباتەوە و ئەوانیدیکە تەنیا تەماشاچی دەبن.

وەک ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا بووەتە باو، لە پێشەنگی پاڵێواراوانی باشترین یاریزانی جیهاندا بۆ 2014، ئەمجارەش لیۆنێل مێسی باشترین یاریزانی مۆندیالی 2014 و کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵکەری ئەوروپا و براوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا پێشەنگی لیستە بیست و سێ کەسییەکەیان گرتەوە.

لە پاڵ ئەو دوو ئەستێرەیەدا نەیمار دا سێلڤا کەلەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیلدا پلەی چوارەمی مۆندیالی بەدەستهێنا، ناوێکی دیاری نێو لیستەکەیە.

کەریم بێنزیما و سێرجیۆ رامۆس و گاریس بەیڵ کە هاوکاری ریال مەدرید بوون بۆ دەیەم نازناوی چامپیۆنزلیگ لە لیستەکەدان و خیمیس رۆدریگێزی گۆڵکەری مۆندیالی رابردوو ئانخیل دیماریاش کە ئێستا لە مانچستەر یونایتد یاریدەکات بەهەمان شێوە ناویان هەیە.

لە پاڵ مێسیدا لە یانەی بارسێلۆنا تەنیا ئاندرێس ئینێستا ناوی لە لیستەکەدا هەیە و ئاستی بەرزی خافێر ماسیکرانۆش لە مۆندیالدا، ئەو یاریزانەی کردووەتە یەکێک لە 23 پاڵێوراوەکە.

هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کە نازناوی مۆندیالی 2014ی بردەوە، ژمارەیەکی بەرچاوی یاریزانەکانی لە لیستەکەدان، لەوانەش ماریۆ گۆتزێی یاریزانی بایرن میونشن و تۆنی کرووس کە پاش مۆندیالی بایرنی بەجێهێشت و تۆماس مۆلەر و فیلیپ لامی کاپتن و مانوێل نۆیەری گۆڵپارێز بوونیان هەیە لەگەڵ باستیان شڤانشتایگەردا و لە یانەی بایرن میونشنەوە هەروەها ئاریێن رۆبن هەیە کە لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا پلەی سێیەمی مۆندیالی بەدەستهێنا.

جگە لەو یاریزانانەی لە رووداوە گەورەکانی وەرزی رابردوودا کاراکتەری گەورەبوون، دیێگۆ کۆستای هێرشبەری وەرزی رابردوو ئاتلێتیکۆ مەدریدی پاڵەوانی لالیگا ناوی لە لیستەکەدا هەیە و هاوکات دەستکەوتی ئاتلێتیکۆ لە وەرزی رابردوودا تیبۆ کۆرتواشی گەیاندووەتە نێو لیستەکە، ئەمە جیا لە ئیدین هازاردی ئەستێرەی لاوی چێڵسی و پۆل پۆگبای ئەستێرەی یۆڤینتۆسی ئیتاڵی و یایا تۆرێی یاریزانی قاڵی یانەی مانچستەر ستی.

لە 12ی مانگی یەنایەری ساڵی داهاتوودا ئاهەنگی تایبەت بە راگەیاندنی ناوی براوەی خەڵاتەکە ئاشکرا دەکرێت و بەر لەوەش فیفا و فرانس فوتبۆڵ لیستی کورتکراوەی باشترین یاریزان رادەگەیەنن کە پێشبینی دەکرێت ناوی هەریەکە لە مێسی و رۆناڵدۆ و یەکێک لە ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بێت.