کارڤاخال بۆ پێرێز: منداڵەکەی بارسێلۆنام بۆ تەمبێ کردیت
رووداو دیجیتاڵ
دانی کارڤاخالی کاپتنی یانەی ریال مەدرید، لەدوای کلاسیکۆ بەشانازییەوە بەفلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەی گوتووە، "منداڵەکەی بارسێلۆنام بۆ تەمبێ کردیت".
ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە کلاسیکۆی یەکەمی ئەمساڵدا لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی یەکبوونەوە و یارییەکە لە بەرژەوەندیی ریال مەدرید 2 - 1 گۆڵ کۆتایی هات.
لە دوای یارییەکە، دەمەقاڵە و پێکدادان لەنێوان یاریزانانی هەردوو یانەدا روویدا، ئاشکرابوو، یاریزانانی ریال مەدرید، بەتایبەت دانی کارڤاخال بە لامین یامالی ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنای گوتووە، تۆ زۆر قسە دەکەیت و ئێستا دەبێ باجەکەی بدەیتەوە.
تووڕەبوونی یاریزانانی ریال مەدرید لە لامینی 18 ساڵان، پەیوەندی بەقسەکانی ئەو یاریزانەی بارسیلۆناوە هەبوو کە پێش کلاسیکۆ، لە پۆدکاستێکدا گوتبووی ریال مەدرید دزی دەکەن و دوایی گلەییش دەکەن.
ماڵپەری 'دیڤێنسا سێنتراڵ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، دوای یارییەکە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید سەردانی ژووری جلگۆڕینی یانەکەی کردووە و پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەی لێکردوون.
ئەو ماڵپەرە دەڵێ، کارڤاخالی 33 ساڵ، بە پێرێزی سەرۆکی یانەکەی گوتووە، لەکاتی شەڕەکەدا بە لامینم گوت، ئیدی زۆر قسە مەکە، ئەمە شێوازێکی گونجاو نییە تۆ گرتووتەتە بەر، بۆچوونی ئەویشم بەلاوە گرنگ نییە.
ئەو بەرگریکەرە هەروەها گوتوویەتی، ئەو منداڵە، لە لێدوانەکانیدا هەڵەی کرد، بەڵام من ئەمڕۆ تەمبێم کرد و وانەیەک پێدا، هەرگیز بیری نەچێتەوە.
ئەو ماڵپەرە زیاتر دەڵێ، ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید بەر لە یارییەکە لە قسەکانی لامین زۆر نیگەران بوون، پێیانوابوو ئەو سووکایەتی بەوان و بەهەموو دامەزراوەی ریال مەدرید کردووە، هەر بۆیە دوای یارییەکە چەندین یاریزانی یانەکە بە لامینیان گوتووە، تۆ زۆر قسە دەکەیت، بەڵام لە یاریگەدا هیچت پێنەکرا.
ریال مەدرید بەبردنەوەی کلاسیکۆی یەکەم لە بارسێلۆنا، کۆی خاڵەکانی لە وەرزی ئەمساڵی لالیگادا گەیاندە 27 خاڵ و بەجیاوازیی پێنج خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنا، پێشەنگی ریزبەندی لالیگای گرتووە.