زاخۆ گەشتێکی درێژ دەکات و یاریگەکەشی بۆ بەرامبەر عەین ئامادەدەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای ئەوەی یانەی زاخۆ داوایکردبوو یارییەکەیان لە خولی عێراق بەرامبەر غەراف دوابخرێت، شاندی یانەکە یارییەکە ئەنجامدەدات و ئەمڕۆ بەڕێدەکەوێت.
 
یانەی زاخۆ نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر، بە فڕۆکەیەکی تایبەت دەچێتە بەسرە، ئەمشەو لەوێ دەمێنێتەوە و سبەی سێ کاژێر بەڕێگەوە دەبێت بۆ ئەوەی بچێتە ناسڕییە بۆ یاریی بەرامبەر غەراف، دوای یارییەکەش یانەکە دەگەڕێتەوە بەسرە و بە فڕۆکەیەکی تایبەت دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و پاشان بۆ زاخۆ و خۆی بۆ یاریی بەرامبەر عەینی ئیماراتی ئامادەدەکات.
 
ئەوەی تایبەتە بە جامی کەنداو بۆ یانەکان، دوو ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی کەنداو، ماوەی سێ رۆژ لە زاخۆ بوون، یەکێکیان کوێتییە و ئەوەی دیکەیان عێراقییە، رۆژی بەر لە یاریی زاخۆ و موسڵ، رۆژی یارییەکە و دوای یارییەکەش چاودێریی یاریگەی یانەکەیان کردووە، شاندەکە سەرسامیی خۆی بە یاریگەی زاخۆ پێشانداوە، بەڵام چەند تێبینییەکیان هەبووە و بە کارگێڕیی یانەکەیان راگەیاندووە، رووناکیی یاریگە پێویستە هاوسەنگ بێت.
 
لە دەرەوەی یاریگەش ئەگەر پاک بکرێتەوە روویەکی جوانتری یاریگەی زاخۆ پێشاندەدات، هوشیار شەهباز، سکرتێری یانەی زاخۆ بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، هەر ئەمڕۆ شارەوانیی زاخۆیان بۆ پاککردنەوەی دەورووبەری یاریگەکە ئاگاداکردووەتەوە و رووناکیی یاریگەش چارەسەر دەکرێت.
 
بەمشێوەیە یاریی زاخۆ بەرامبەر عەینی ئیماراتی لە جامی کەنداو بۆ یانەکان، لە زاخۆ بەڕێوەدەچێت و دەبێتە یەکەم یاریی جامەکە زاخۆ لە یاریگەی خۆیدا ئەنجامیبدات.