ڤینیسیۆس بەتووندی سزا دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

قەیرانێکی لەناکاو هەڕەشە لە سەقامگیریی ریال مەدرید دەکات دوای کاردانەوەی ڤینیسیۆس لە کلاسیکۆدا، کە بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، یاریزانە بەرازیلییەکە هەڵەیەکی گەورەی کردووە و بەئاسانی بەسەریەوە ناچێت، ئەو سەرچاوانە دەڵێن "ئەلۆنسۆش لە ڤینی خۆش ببێت فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە لێیخۆش نابێت و دەبێت سزای خۆی وەربگرێت".
 
قەیرانەکەی ڤینیسیۆس جونیۆر هێشتا مشتومڕی زۆری لەسەرە و میدیاکانی ئیسپانی دەڵێن "پێرێز بەنیازە زۆر بەتووندی سزای بدات، چونکە ئەوەی ئەو بەرامبەر چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری کردووە لە کەس قبوڵ ناکات".
 
دوای ئەوەی لە کلاسیکۆدا، ڤینیسیۆس لەلایەن ئەلۆنسۆوە گۆڕانکاری پێکرا، یاریزانەکە بەڕوویدا تەقییەوە و پێیگوت "بۆچی هەر من؟ من دەڕۆم؟ چۆن گۆڕانکاریم پێدەکەی؟ من ڤینیسیۆس جۆنیۆرم".
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشکرای کردووە کە ئەستێرە بەرازیلییەکە هەندێک هەڵسوکەوتی مشتومڕاوی بەرامبەر بە راهێنەرەکەی، چاڤی ئەلۆنسۆ، لە کاتی یارییەکەدا ئەنجامداوە. لە خولەکی 71ی یارییەکەدا، کامێراکان دیمەنێکیان تۆمارکردووە کە تێیدا ڤینیسیۆس کاردانەوەیەکی خراپی هەبووە و هەندێک قسەی نەشیاوی کردووە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لە ناو یانە شاهانەکەدا دروستکردووە.
 
سزایەکی گەورە لە چاوەڕوانی ڤینیسیۆسدا؟
 
ڤینیسیۆس بەهۆی لێدوانەکانی، بەتایبەتی"بڕۆ بۆ دۆزەخ" و "من لە تیپەکە دەڕۆم"، رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە لەلایەن هاندەرانی ریال مەدرید و هاوڕێکانی و بەتیبەتیش پێرێزی سەرۆک، کە پێیوایە ئەم هەڵسوکەوتە ڤینیسیۆسی خستووەتە ژێر پرسیارەوە سەبارەت بە پابەندبوونی بە یاساکانی تیپەکە. 
 
بەپێی یاساکانی رێککەوتننامەی کاری بەکۆمەڵی ریال مەدرید کە ساڵی 2015 دەرچووە، ئەم هەڵسوکەوتە پێشێلکارییەکی گەورەی پابەندبوونە لە ناو تیپەکەدا، و ئەگەر هەیە یاریزانەکە رووبەڕووی سزایەکی دارایی گەورە ببێتەوە کە دەگاتە 53 هەزار یۆرۆ، بەپێی مووچەی مانگانەی، لەگەڵ ئەگەری کەمکردنەوەی مووچە یان تەنانەت راگرتنی لە مەشق و راهێنان بۆ ماوەی 10 رۆژ.
 
ریال مەدرید لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەدا
 
کارگێڕیی ریال مەدرید بە وریاییەکی زۆرەوە بارودۆخەکە تاوتوێ دەکات، بەتایبەتی لە سایەی ئەو گوشارە راگەیاندنانەی کە دوای بردنەوەیە کلاسیکۆ زیادی کردووە، هەر بۆیەش ویستیان بۆ پاراستنی پابەندبوون لە ناو تیپەکەدا، هێشتا بەیاننامەیەکی فەرمی لەسەر بابەتەکە دەرنەکراوە، بەڵام دیارە کە کارگێڕیی یانەکە بەجددی مامەڵە لەگەڵ رووداوەکە دەکات و رێوشوێنی تووند دەگرێتەبەر ئەگەر هەڵسوکەوتە نەشیاوەکە بەردەوام بێت.
 
لە کاتێکدا ڤینیسیۆس یەکێکە لە دیارترین یاریزانەکانی تیپەکە، پابەندبوونی کەسیی ئەو لە داهاتوودا یەکلاکەرەوە دەبێت، بەتایبەتی لە قۆناخەکانی داهاتوودا کە یانەکە بەتووندی بەدوای نازناوەکانی خولی ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگدا دەگەڕێت.