ڤیدیۆ راپۆرت؛ هەولێر ئەرکی قورسە و دەیەوێت گرێیەک بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر پێنجەم یاریی لەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی عێراقدا ئەنجامدەدات، یانەکە دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و بەرگری لە یارییە بەبێ دۆڕانەکانی بکات.
کاژێر 16:15 خولەک، هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یاریگەی کەربەلای نێودەوڵەتی بەرامبەر یانەی نەفتی وەسەت یارییدەکات، یارییەکە بۆ قەڵای زەرد تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە، لەکاتێکدا نەفتی وەسەت یەکێک لە یانە بەهێزەکانی ئەم وەرزەی خولی عێراقە.
هەولێر چەند رۆژێکە لە کەربەلایە، بۆ ئەوەی بەباشی بۆ یارییەکە ئامادەبێت، یانەکە دوێنێ دوایین مەشق و راهێنانی ئەنجامدا و بۆ یارییەکە ئامادەیە.
هەولێر لە چوار گەڕی رابردووی خولەکەدا، 2 بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەیە، یەکێک لەو یانانەیە کە تاوەکو ئێستا لە خولەکەدا نەدۆڕاوە و ئەمڕۆش دەیەوێت بەرگری لەو سەرەتایە باشەی بکات کە لە خولەکەدا هەیەتی.
لە بەرامبەردا یانەی نەفتی وەسەت، بە کێشەی زۆرەوە ئەم یارییە ئەنجامدەدات، هەریەکە لە سەجاد حوسێن بەهۆی ئەو پێکانەی لە یاریی رابردووی یانەکەدا تووشی بوو، عومەر مەنسووری سەرەرای چاکبوونەوەی لە کۆرۆنا، بەڵام ئامادەنییە، فلۆران دیدێری ئیڤواریش بە هۆکاری هونەرییەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
جگە لەم یاریزانانەش نەبیل سەباح، کە پێشتر بۆ هەولێر یارییکردووە، لە کەمپی مەشقەکانی یانەکەیدا کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە هەولێر ئەنجامدرا تووشی پێکانبوو و بەشداری ناکات.
هەولێر لەکاتێکدا ئەم یارییە بەرامبەر نەفتی وەسەت دەکات، پێنج یارییە لە خولی عێراقدا لە یانەکەی نەبردووەتەوە و ئەمڕۆ دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەو گرێیە بکاتەوە و بە سێ خاڵەوە بگەڕێتەوە، بەڵام ئەرکیان قورسە، چونکە نەفتی وەسەت سێ بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە و لە پلەی دووەمی ریزبەندە.
یارییەکە راستەوخۆ لە رێگەی پەیجی رووداو سپۆرت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دەگوازرێتەوە