پاریس سانجێرمان گورزێکی نوێ لە بارسێلۆنا دەدات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، ئەستێرەیەکی نوێی بارسێلۆنای کردووەتە ئامانج و دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵدا بکات.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یانەی پاریس سانجێرمان، لە چەند کاژێری رابردوودا، سەرنجەکانی خستووەتە سەر مارکۆس راشفۆردی هێرشبەری باڵی یانەی بارسێلۆنا.
راشفۆرد لە بنەمادا یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتدە، بەخواستن تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ یاریی بۆ بارسا دەکات.
وێڕای بوونی گرێبەستی نێوان هەردوو یانە تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ، تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەو هێرشبەرە دیار نییە، هەندێک لەسەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دووپاتیدەکەنەوە کە یونایتد ویستی بۆ گەڕانەوەی راشفۆرد بۆ یانەکە نییە و بارساش بەتەواوی بڕیاری کڕینەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانەی نەداوە.
لە ساڵانی رابردوودا، چەندین یاریزان لە بارساوە روویانکردووەتە، پاریس سانجێرمان، لەنێویاندا نەیمار داسێلڤا، رافینیا ئەلکانتارا، لیۆنێل مێسی، عوسمان دێمبێلی و پێدەچێت ئامانجی داهاتووی یانە پاریسییەکە، راشفۆرد بێت.
هەندێک سەرچاوەی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا ئەوەیان ئاشکراکردووە کە یانەکە، لەسەر داوای هانزی فلیکی راهێنەر، دەیەوێت بەیەکجاری گرێبەستی ئەو هێرشبەرە بکڕێتەوە، چونکە ئەو راهێنەرە پێیوایە بۆ ساڵانی داهاتووش، راشفۆرد دەتوانێت کاری گەورە لەگەڵ یانەکە بکات.
ماڵپەری 'فوتبۆڵ ئیسپانیا' دەڵێ، پاریس سانجێرمان بەوردی چاودێریی دۆخی راشفۆرد دەکات و ئامادەیە 50 ملیۆن یۆرۆ بدات، بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی.
بارسا بژاردەی کڕینەوەی ئەو یاریزانەی بەرامبەر بە 30 ملیۆن یۆرۆ هەیە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، بەڵام تاوەکو ئێستا هەنگاوی کردەنی بۆ ئەنجامدانی کارەکە نەناوە.
لە بەرامبەر راشفۆرد، لە لێدوانی پێشتریدا بۆ رۆژنامەی 'سپۆرت' گوتبووی، بارسێلۆنا ژینگەیەکی نموونەییە بۆ بەردەوامبوونی من لە کاروانی یارییکردنم، ئەو گوشارە پۆزەتیڤەی هەیە ئەوەیە کە من بەردەوام بەشوێنیدا دەگەڕێم. لەبەرئەوە هەوڵدەدەم باشترینی خۆم پێشکێش بکەن و چاوەڕێ دەبم بزانم هاوینی داهاتوو چی روودەدات.
راشفۆرد لە ماوەی یارییکردنی لەگەڵ بارسێلۆنا، حەوت گۆڵی هەیە و 11 ئەسیستی لە 24 یاریی سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا تۆمارکردووە.