ئاشکرابوو.. مەرجی شتیگن بۆ رۆیشتن لە بارسێلۆنا
رووداو دیجیتاڵ
مارک ئاندرێ تێرشتیگن، گۆڵپارێزی ئەڵمانی و یانەی بارسێلۆنا، بە مەرج ئامادەیە لە یانەی بارسێلۆنا بڕوات، چەند یانەیەکیش دەیانەوێت گرێبەستی لەگەڵ بکەن.
یانەی بارسێلۆنا و تێرشتیگن کۆبوونەوەیەکی لووتکە دەکەن بۆ ئەوەی داهاتووی ئەو گۆڵپارێزە لەگەڵ یانەکە یەکلاببێتەوە و بڕیاری کۆتایی بدرێت، بەتایبەت کە هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا راشکاوانە بە گۆڵپارێزەکەی راگەیاندووە، ئەگەر لە یانەکە بمێنێتەوە، زۆرینەی کاتەکان لەسەر کورسیی یەدەگ دەبێت، بەتایبەت کە خوان گارسیا و ڤۆچیچ چێزنی لەو یانەیەن.
هەرچەند لە جامی شای ئیسپانیا، لە یاریی بەرامبەر گوادالاخارا، بەشێوەی سەرەکی یاریی کرد، بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە گۆڵپارێزەکە ببێتەوە سەرەکی و بە ئەگەری زۆرەوە لە جامی سوپەری ئیسپانیاش، خوان گارسیا بەشێوەی سەرەکی بەرگری لە گۆڵی بلاوگرانا دەکات.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، شتیگن بە مەرجی ئەوەی پەیوەندی بە یانەیەکی ئاستبەرزەوە بکات، ئامادەیە لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا بڕوات، هەرچەندە یانەی جیرۆنا بەهێزەوە هەوڵ بۆ گواستنەوەی دەدات، بەڵام گۆڵپارێزەکە بە دەستەوارەی ئەو یانەیە رازی نییە، لەکاتێکدا یانەکە لە دۆخێکی خراپدایە و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە لە خولی ئیسپانیادا بمێنێتەوە.
جگە لەو یانەیە، هەردوو یانەی تۆتێنهام و ئاستۆن ڤیلای ئینگلیزی گرنگی بە تواناکانی ئەو گۆڵپارێزە دەدەن، ئەمەش هەلێکە بۆ یانەی بارسێلۆنا و گۆڵپارێزەکەش بۆ ئەوەی رێککەوتن بکەن و شتیگن پەیوەندی بە یەکێک لەو دوو یانەیەوە بکات، تەنانەت ئەگەر بە شێوەی خواستنیش بێت.
گرێبەستی شتیگن لەگەڵ بارسێلۆنا تاوەکو ساڵی 2028 بەردەوامدەبێت، مووچەی یاریزانەکە 14 ملیۆن یۆرۆیە و ئەمە کێشەی گەورەی بۆ دارایی بارسا دروستکردووە، بۆیە یانەکە دەیەوێت هەرچییەکی کردبێت ئەو گۆڵپارێزە رازیبکات لە یانەکە بڕوات، بۆیە دەکرێت چوونی ئەو گۆڵپارێزە بەشێوەی خواستن و دانی بەشێکی مووچەکەی لەلایەن ئەو یانەی پەیوەندیی پێوە دەکات باشترین بژاردە بێت بۆ بلاوگرانا.
ئاندرێ تێرشتیگن، نایەوێت لە شەش مانگی ساڵی 2026 خولەکی کەم یاریی بکات، بەتایبەت کە مۆندیال لەپێشە و ئەو گۆڵپارێزە بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بانگهێشتبکرێت، پێویستە زۆرترین یاریی ئەنجامبدات.