رکابەرییکردن لەسەر پێشەنگی سێری ئا گەرمە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمیلان لەبەردەم ئەرکێکی زەحمەتدایە و دەیەوێت پارێزگاری لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی ئیتاڵیا بکات، کاتێک بەرامبەر یانەی ئاتالانتا یاری دەکات.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 17ـی خولەکەدا، نیرازۆری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئاتالانتا یاری دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، دوای ئەوەی لە جامی سوپەری ئیتاڵیا لە سعودیە هیچی پێنەکرا و بەرامبەر بۆلۆنیا کرایە دەرەوە.
 
یاریی هەردوو یانە لە یاریگەی ئاتالانتا دەکرێت، خاوەن یاریگە لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە و سێ یاریی رابردووی بەسەریەکەوە بردووەتەوە و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
 
دۆڕانی ئینتەرمیلان پێشەنگی ریزبەندی دەخاتە مەترسییەوە، بەتایبەت ئەگەر ئەیسی میلان و ناپۆلی یارییەکانیان ببەنەوە.
 
رکابەرییەکانی گەڕی 17ـی خولی ئیتاڵیا بەردەوامدەبن، یانەی ئەیسی میلان لە یاریگەی خۆی بەرامبەر هێلاس ڤیرۆنا یاری دەکات و دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی بردنەوەکان.
 
میلان دوای ئەوەی لە جامی سوپەری ئیتاڵیادا لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتاییدا کرایە دەرەوە، دەیەوێت قەرەبووی ئەو یارییە بکاتەوە و بەبردنەوەی سێ خاڵ درێژە بە رکابەریکردن لەسەر پلەی یەکەمی ریزبەندی سێری ئا بدات.
 
رۆسونێری ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی ئیتاڵییە، لە 15 یاریی رابردوودا تەنیا یەک دۆڕانی هەیە، بەڵام پێنج جار یەکسانبووەبە دۆڕان لە یارییەکەدا دەکرێت پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە لەدەستبدات، بۆیە تیپەکەی ماسیملیانۆ ئالێگری جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە.
 
هێلاس ڤیرۆنا ئەنجامەکانی خراپن تەنیا دوو بردنەوەی هەیە و لە پلەی هەژدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
یانەی ناپۆلی، دوای بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیا لە سعودیە، دەیەوێت لە رکابەرییەکانی سێری ئادا درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، کاتێک بەرامبەر یانەی کرێمۆنێسی یاریی دەکات.
 
ناپۆلی لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات، بەڵام دوای بردنەوەی جامی سوپەری ئیتاڵیا، بە دۆخێکی ئەرێنیی و زۆرباشدا تێدەپەڕێت و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، بۆ ئەوەی لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە لە رکابەریکردن بەردەوامبێت.