وردەکارییەکانی گرێبەستە نوێیەکەی رۆناڵدۆ لەگەڵ نەسڕ ئاشکرابوون
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە ماوەیەکی زۆر بەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەلایەن یانەی نەسڕی سعودییەوە تێپەڕیوە، بەڵام ئێستا هەندێک لەسەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان وردەکاریی ئەو گرێبەستە ئاشکرا دەکەن و دەردەکەوێت کە کریس مووچەیەکی باوەڕپێنەکراو وەردەگرێت.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، مووچەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە نزیکەی 658 ملیۆن دۆلارە بەبێ باج، بەدرێژایی ماوەی گرێبەستەکەی.
هەروەها کریس فڕۆکەیەکی تایبەتی بۆ ئامادەکراوە و هەر کاتێک بیەوێت لە خزمەتیدایە و ساڵانە بڕی 5.5 ملیۆن دۆلار وەک دەرماڵە و خەرجی فڕۆکەکە دانراوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ ڤێلایەکی زۆر گەورەی پێدراوە کە بەهاکەی 14 ملیۆن دۆلار ە و لەو ڤێلایەدا 16 کارمەند بەدرێژایی 24 کاژێر کاری بۆ دەکەن و لە خزمەتیدانە.
جگە لەمانە بەپێی گرێبەستەکە، چەندین پاداشتی دیکە بۆ رۆناڵدۆ دانراون و هەر گۆڵێک بکات 110 هەزار دۆلاری پێدەدرێت، هەروەها
55 هەزار دۆلار بۆ هەر ئەسیستێکی دانراوە.
ئەگەر رۆناڵدۆ ببێتە گۆڵکاری خولی رۆشنی سعودی یانەی نەسڕ دەبێت 5.5 ملیۆن دۆلار بەخشیشی گۆڵکاری پێبدات. ئەگەر نازناوی خولەکەش بباتەوە 11 ملیۆن دۆلاری پێدەدرێت.
هەروەها دۆن کریستیانۆ 9 ملیۆن دۆلاری دیکە وەردەگرێت ئەگەر نەسڕ بتوانێت نازناوی چامپیۆنزلیگی ئاسیا بباتەوه .
بێجگە لە هەموو ئەمانە، کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و یانەی نەسڕ بڕی 83 ملیۆن دۆلار لە گرێبەستی سپۆنسەر و رێکلامکردن بەدەستدێنێت. هەروەها 15٪ـی خاوەندارێتی یانەی نەسڕی بە بەهای نزیکەی 45 ملیۆن دۆلار بەدەستهێناوە.