بارسێلۆنا چاودێریی ئەستێرەیەکی ئەرجەنتینی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا، ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ دەکاتە ئامانج و لەگەڵ چەند یانەیەکی گەورەی ئەورووپا رکابەری لەسەر گواستنەوەی دەکات.
 
مارکۆس سێنسی، ئەستێرەی یانەی بۆرنمۆوس و یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، یەکێکە لە دیاترین بەرگریکارەکانی ئێستای خولی ئینگلتەرا و ئامانجی چەندین یانەی گەورەی ئەورووپایە بۆ گواستنەوەی هاوینی ساڵی 2026.
 
یاریزانەکە لەلایەن یانەی بارسێلۆناوە چاودێریی دەکرێت و یەکێکە لە بژاردە سەرەکییەکانی ئەو یانەیە بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵ بکرێت و هێڵی بەرگریی یانەکەی بەهێزتر بکات، بۆ ئەوەش یانە کەتەلۆنییەکە رکابەری لەگەڵ یانەی یوڤێنتوس و ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات.
 
سێنسی لە ساڵی 2022 بەرامبەر 15 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی فاینۆردی هۆڵەندییەوە پەیوەندیی بە بۆرنمۆوسەوە کردووە، ئێستا یەکێکە لە دیارترین یاریزانەکانی ئەو یانەیە و پرێمەرلیگ، هاوینی ساڵی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتاییدێت و تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوانیاندا نییە بۆ ئەوەی گرێبەستەکە نوێبکرێتەوە.
 
مارکۆس سێنسی تەمەنی 28 ساڵە، لە دڵی بەرگری یاریی دەکات و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەدا دەگاتە 22 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام دەکرێت بارسێلۆنا بە پارەیەکی کەمتر یان بەشێوەی خۆڕایی یاریزانەکە بگوازێتەوە، ئەگەر یاریزانەکە رەزامەندیی لەسەر بێت.
 
یانەی یوڤێنتوس رکابەریی بارسا دەکات بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە بەتایبەت کە فێدریکۆ گاتی و دانیێلی روگانی بەهۆی پێکانە زۆرەکانیانەوە لە هێڵی بەرگریدا کێشەی بۆ ئەو یانەیە دروستکردووە.
 
جگە لەوەش لەسەر داوای دیێگۆ سیمیۆنی و بە سوود وەرگرتن لە یاریزانە ئەرجەنتییەکانی یانەکەی ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی، بەتایبەت کە ئەو راهێنەرە دەیەوێت شوێنگرەوەیەک بۆ خۆسێ ماریا خیمینێز بدۆزێتەوە، کە بەهۆی کێشە جەستەییەکانییەوە دوو دڵیی لەلای سیمیۆنی دروستکردووە.