جۆزێ مۆرینیۆ داوای لێبوردن لە ریال مەدرید دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی، داوایلێبوردن لە راهێنەر و هاندەرانی یانەی ریال ەمدرید دەکات، بەهۆی ئەوەی دوای ئەوەی گۆڵی چوارەمیان بەرامبەر یانەی پێشووی تۆمارکرد، سەرشێتانە ئاهەنگی گێڕا و گوتی "ببورن،  لەو ساتانەدا لەبیرت دەچێت کە رکابەرەکەی ریال مەدریدە، ساتێکی شێتانەبوو بۆ من".
 
بێنفیکا بەسەرکردایەتی مۆرینیۆ 4-2 لە ریال مەدریدی بردەوە و بووە هۆکاری ئەوەی یانەی شاهانە لە تۆپ هەشت دەربکرێت و ناچاربێت دوو یاریی لە پلەی ئۆف بکات بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی شانزدەم، هەروەها لە کاتی تۆمارکردنی گۆڵی چوارەم بێنفیکا گەیشتە پلەی ئۆف و بەو هۆیەوە مۆرینیۆ سەرشێاتنە ئاهەنگی گێڕا.
 
مۆرینیۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە، گوتی "ببوورن، بەڵام لەو ساتەدا لەبیرت دەچێت کە رکابەرەکەی ریال مەدریدە. لەبیرت دەچێت کە کەسانی وەک ئەلڤارۆ، چێندۆ، یان بوتراگێنۆ هەن؛ هەموو شتێک لەبیر دەکەیت. تەنیا جۆشوخرۆشی بوو، ساتەوەختی تۆمارکردنی گۆڵەکە".
 
ئەو زیاتر گوتی "کارێکی خراپ بوو بەرامبەر ئاربێلۆ و هاندەرانی ریال مەدرید. من تەنیا بە ساتێکی شێتی لەلای خۆمەوە دەزانم".
 
راهێنەرە پۆرتوگالییەکەی یانەی بێنفیکا، لەبارەی یارییەکەشەوە گوتی "پێموایە ئەمشەو بۆ بێنفیکا خەیاڵی بوو، بێگوێدانە ئەوەی لە داهاتوودا چی روودەدات. پێشتر دەمانزانی کە بەختێکی زۆرمان هەبوو لە تیروپشکەکەدا کاتێک رووبەڕووی ئینتەر میلان یان ریال مەدرید بووینەوە، بەڵام جیا لەوەش شەوێکی ناوازە بوو بۆ ئێمە، شەوێک بوو بۆ لەبیرنەکردن. پێموایە بەتایبەت بۆ هاندەرە گەنجەکان و بۆ ئەو منداڵانە، بەڕاستی شەوێکی باوەڕپێنەکراو بوو". 
 
هەروەها گوتی "من زۆر دڵخۆشم بۆ یاریزانەکانم. پێموایە یاریزانەکان زۆر باش یارییان کرد، یارییەکی نائاسایییان ئەنجامدا. نامەوێت بڕوا بەوە بکەم کە سبەی رێز لەوان نەگیرێت. ئەگەر سبەی رێزیان لێنەگیرێت، ئەوە واتای ئەوەیە شتەکان سنوورێکی وەسفنەکراویان تێپەڕاندووە. ئەوان بەربەستێکی وەسفنەکراویان بڕیوە. من زۆر دڵخۆشم بۆ یاریزانەکانم".
 
مۆرینیۆ زیاتر باسی تیپەکەی کرد و گوتی "تیپەکە هەمان ئەو تیپەیە کە لەو کاتەوەی دەستم بە کارکردن لەگەڵیان کردووە گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە؛ تیپەکە یەکگرتووە، کەسانی باشن، ئەو کەسانەن کە دەیانەوێت کاربکەن، ئەو کەسانەن کە بەدەست ئەنجامە خراپەکانەوە ئازار دەچێژن، ئەو کەسانەن کە رەنج دەدەن بۆ ئەوەی دەستکەوتی ئەرێنی بەدەستبهێنن، ئەوانە ئەو کەسانەن کە کۆڵ نادەن و تاوەکو کۆتایی دەڕۆن".
 
سپێشەڵ وەن زیاتر قسەی کرد و گوتی "من بێنفیکایەکی گەورەم بینی، تێدەگەم کە ئێوە لە مەدرید شیکاری بۆ ریال مەدرید دەکەن و تەنیا ئەو وردەکارییانەی ریال مەدریدتان بەلاوە گرنگە کە پەیوەندی بە بەرژەوەندی خۆتانەوە هەیە، بەڵام سەرنجی من لەسەر بێنفیکایە، لەسەر تیپەکەی خۆمە. ئێمە یارییەکی باوەڕپێنەکراومان کرد، بە یاریزانەکانم گوتبوو کە ئەم یاریزانانەی ریال مەدرید  شکستێکی گەورەتان پێدەگەیێنن ئەگەر بەرگرییەکی باش نەکەن، کیلیان ئێمباپێ خەریک بوو شکستمان پێبهێنێت، بەڵام لەڕووی بەرگرییەوە زۆر باش بووین، ئێمە یارییەکی نائاساییمان کرد. لێرە بەرامبەر لیڤەرکوزن بەشێوەیەکی خەیاڵی یاریمان کرد و دۆڕاین. بەرامبەر ناپۆلیش لەوێ بەشێوەیەکی خەیاڵی یاریمان کرد و بردمانەوە"
 
مۆرینیۆ دانی بەوەدانا کە بەرامبەر ریال مەدرید باشترین یاریی ئەم وەرزەیان کردووە  و گوتی "ئەمڕۆ بەدڵنیاییەوە باشترین یاریی خۆمان لەم خولەدا ئەنجامدا، چونکە بەرامبەر ریال مەدرید ئەگەر بێ کەموکوڕی  نەبیت، هیچ چانسێکی بردنەوەت نییە".