باشترینەکانی دوایین گەڕی چامپیۆنزلیگ؛ تروبین و شێڵدێرۆپ ریال مەدرید شۆک دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

دوایین گەڕی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ ئاستێکی بەرزی بەخۆیەوە بینی و میدیا وەرزشییە جیهانییەکان باشترین پێکهاتەی ئەو گەڕەیان دیاریکرد پێش ئەوەی بەفەرمی بڵاوببێتەوە، تێیدا یاریزانانی بێنفیکا و لیڤەرپوول بەهۆی ئاستە سەرنجڕاکێشەکەیانەوە پشکی شێریان بەرکەوتووە و گۆڵپارێزێکی ئۆکراینیش مێژووی نووسییەوە.
 
لەنێو پێکهاتە پێشبینیکراوەکەدا، ئاناتۆلی تروبینی گۆڵپارێزی بێنفیکا پۆستی یەکەمی گرتووە، دوای ئەوەی لە خولەکی 98ـدا گۆڵێکی بەسەر بەرامبەر ریال مەدرید تۆمارکرد و مێژووی بۆ خۆی و بۆ یانەکەی نووسییەوە. 
 
هێڵی بەرگریش بەسەرکردایەتی ڤێرجیل ڤان دایک بەرگریکارەکەی لیڤەرپوول لە بردنەوە گەورەکەیان بەرامبەر سپارتا پراگ بەئەنجامی 6-0، توانی سێ ئاسیست و کلین شیتێک تۆماربکات. هاوشانی ئەو، فلیپی لە یانەی پافۆس بە تۆمارکردنی گۆڵێک بەرامبەر سلاڤیا پراگ و ماکسی ئاراوخۆ لە سپۆرتینگ لیسبۆن بە ئاسیستێک و شەش بڕینی سەرکەوتوو بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو، شوێنی خۆیان لەو پێکهاتەی باشترینی ئەم هەڤتەیەی چامپیۆنزلیگ کردووەتەوە.
 
لە هێڵی ناوەڕاستدا، ماک ئالێستەر بەتۆمارکردنی دوو گۆڵ بەرامبەر قەرەباخ ئاستێکی نایابی پێشکێش کرد، هاوکات ئەندریاس شێڵدێرۆپ یاریزانی بێنفیکا دوای تۆمارکردنی دوو گۆڵ بەرامبەر ریال مەدرید، بووە یەکێک لە دیارترین ناوەکان. ئەلیکساندەر ستانکۆڤیچی یاریزانی کڵۆب برۆج بە گۆڵێک و دوو ئاسیست بەرامبەر مارسیلیا، پێکهاتەی ناوەڕاستی تەواو کردووە.
 
هێڵی هێرشبەریش بە ئەستێرە گەورەکان تەنراو، لامین یامال بە گۆڵێک و ئاسیستێک و شەش بڕینی سەرکەوتوو بەرامبەر کۆپنهاگن درەوشایەوە. کیلیان ئێمباپێ سەرەڕای شکستی ریال مەدرید، بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ ناوی لەنێو پێکهاتەکەدا بوو. ئێرلینگ هالاند گۆڵی سەرکەوتنی بۆ مانچێستەر سیتی تۆمارکرد و مانەوەی تیپەکەی لەنێو هەشت باشترینەکەدا مسۆگەر کرد، مالیک تیلمانیش لە لیڤەرکوزن بە ئاستە بەرزەکەی بەرامبەر ڤیاڕیال، دوایین ناوی پێکهاتە نموونەییەکەیە.