سعودییەکان هەوڵی گرێبەستکردن لەگەڵ براوەیەکی باڵۆندۆر دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە میدیایییەکان ئاشکرایان کردووە، جووڵەی راستەقینە لەلایەن بەرپرسانی خولی رۆشنی سعودیەوە هەیە، بۆ واڵاکردنی دەرگا بەڕووی گرێبەستێکی گەورە لە هاوینی ساڵی 2026دا، ئەویش لە رێگەی گواستنەوەی عوسمان دێمبێلی، یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان و براوەی خەڵاتی باڵۆندۆر.
تۆڕی 'سکای سپۆرتس' ئاماژەی بەوە کردووە، بەرپرسانی باڵای خولی سعودی، دەستیان کردووە بە پرسیارکردنی سەرەتایی لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی دێمبێلی بۆ یەکێک لە یانەکانی خولەکە، ئەم هەنگاوەش رەنگدانەوەی بەردەوامیی ستراتیژیەتی سعودیەیە، کە ئامانجی راکێشانی ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهانە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئامادەکاری دەکرێت بۆ پێشکێشکردنی دەستەوارەیەکی گەورە بۆ رازی کردنی ئەو یاریزانە، تاوەکو ئەزموونێکی نوێ لە یاریگاکانی سعودیەدا تاقی بکاتەوە، ئەمەش بڕیارە دوای مۆندیالی هاوینی داهاتوو جێبەجێ بکرێت.
پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوینی 2026 پڕ دەبێت لە جووڵەی گەورە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە سعودیە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی قۆناخێکی نوێی وەبەرهێنانی سعودیە لە تۆپی پێدا دێت، بەو پێیەی راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خولی یەکەمی واژۆکردنی گرێبەست، لەگەڵ ئەستێرە دیارەکان لەم ساڵەدا بەرەو کۆتایی دەچێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی گرێبەستی ژمارەیەک لەو یاریزانە نێودەوڵەتییانەی کە پێشتر هێنرابوونە خولەکە.
لە بەرامبەردا، لایەنە بەرپرسەکانی وڵاتەکە کاردەکەن بۆ دەستپێکردنی خولی دووەم، کە تێیدا ئەو یاریزانانە دەکرێنە ئامانج کە لە لووتکەی تەمەنی وەرزشی و ئاستی هونەریی خۆیاندان، نەک تەنیا ئەو ناوانەی کە لە کۆتاییی کاروانی وەرزشییاندان، ئەمەش بەتەواوی لەگەڵ بارودۆخی دێمبێلیدا دەگونجێت.
عوسمان دێمبێلی ساڵی رابردوو خەڵاتی باڵۆندۆری بەدەستهێنا، ئەمەش دوای وەرزێکی مێژوویی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان کە تێیدا رابەرایەتی تیپەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی شەش نازناو، کە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکەدا لەخۆگرتبوو.
ئەو یاریزانە فەرەنسییە، ئامارێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەش کرد، بەو پێیەی لە 53 یاریدا لە وەرزی رابردوو 35 گۆڵی تۆمارکرد و 14 ئەسیستی هەبوو.
ئێستا دێمبێلی وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پڕۆژەکەی پاریس سانجێرمان تەماشا دەکرێت، ئەمەش وادەکات بیرۆکەی بەجێهێشتنی یانەکە ئاڵۆز بێت، بەڵام مەحاڵ نییە، بەتایبەت لەبەر ئەو پارە زەبەلاحەی کە رەنگە بخرێنە بەردەمی بۆ ئەوەی بیری یاریزانەکە بگۆڕێت.