لازیۆ لەبەرامبەر ساڤیچ داوای پارەیەکی زۆر دەکات


رووداو - هەولێر

ئایگلی تاری، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی لازیۆی ئیتاڵی دەڵێت، بەکەمتر لە 90 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری سێرجی میلینکۆڤیچ ساڤیچ، ئەستێرەی هێلی ناوەڕاستی یانەکەیان نابن.

یاریزانە سێربییەکە لەلایەن چەندین یانەی گەورەی ئەوروپاوە چاودێری دەکرێت لەپێش هەموویان ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە ئیسپانیا، یوڤێنتوسی ئیتالی، پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوولی ئینگلیزی.

تاری بە کەناڵی سپۆرت ئیتالیای رایگەیاندووە، نازانم یاریزانەکە شایستەی ئەو پارەیەیە یان نا و نامەوێت بیریش لەوە بکەمەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەنێوان 80 بۆ 90 ملیۆن یۆرۆ کەمتر دەستبەرداری یاریزانەکە نابین، سێرجی بۆ ئێمە یاریزانێکی گرنگە و لە لوتکەی ئاستیدایە.

بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی دووەمی پایتەخت گوتیشی، لازیۆ بەهیچ شێوەیەک نرخی یاریزانەکەی دیاریی نەکردووە، هاوینی رابردوو چەند دەستەوارەیەک پێشکەشکران، ئێستاش یاریزانەکە گرنگی پێدەدرێت، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی بەرجەستە نییە، بەهیچ شێوەیەکیش لەگەڵ ریال مەدرید قسەمان نەکردووە.

میلینکۆڤیچ ساڤیچی 23 ساڵ لە 2015 پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی لازیۆ کردووە و لە 85 یارییدا 14 گۆڵی تۆمارکردووە و ئێستا یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی یانەکەیە.