ئاتلێتیکۆ مەدرید خەونی بارسێلۆنا لەنێو دەبات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، دەیەوێت رێگری لە هەموو یانانە بکات کە داوای جولیان ئەلڤارێز، هێرشبەری ئەرجەنتینی و یانەکە دەکەن، بۆ ئەوەش بیر لە پێشکێشکردنی دەستەوارەیەکی نوێ بۆ یاریزانەکە دەکاتەوە.
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی گرنگیپێدانی یانەی بارسێلۆنا بە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە بڵاوکراونەتەوە، گوایە بارسێلۆنا لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا ئامانجی یەکەمی کارکردن دەبێت بۆ گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز، یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزیش رکابەریی یانە ئیسپانییەکە دەکات بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "ئاتلێتیکۆ مەدرید دەیەوێت گرێبەستی جولیان ئەلڤارێز نوێبکاتەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە رۆیشتنی یاریزانەکە بکات بۆ یەکێک لەو دوو یانەیە."
ئەمە لەکاتێکدایە یاریزانەکە لە ماوەی رابردوو بەلێدوانێک دەرگای بەڕووی یانەکاندا کردەوە بۆ ئەوەی گرنگی پێبدەن، بەتایبەت کاتێک گوتی "رەنگە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بمێنمەوە، رەنگە بڕۆم، هەرگیز نازانیت چی روودەدات."
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "لە ئەگەری رۆیشتنی یاریزانەکەش، ئاتلێتیکۆ مەدرید بە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئەو هێرشبەرە نابێت."
بارسێلۆنا لەکاتێکدا گرنگی بە تواناکانی ئەلڤارێز دەدات، لە رووی هێرشبەرییەوە یانەکە کێشەی هەیە، بەتایبەت کە تەمەنی لیڤاندۆڤسکی بەرزبووەتەوە، ئاستی فێران تۆرێ جێگیر نییە و دیارنییە یانەکە دەتوانێت مارکۆس راشفۆرد بکڕێتەوە یان نا.
جولیان ئەلڤارێز، تەمەنی 26 ساڵە، لەم وەرزەدا لە 44 یارییدا 17 گۆڵ و 9 ئەسیستی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید کردووە، گرێبەستەکەی لەگەڵ رۆخی بلانکۆس لە هاوینی 2030 کۆتایی دێت و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 90 ملیۆن یۆرۆ.