بەر لە یاریی مەکسیک و پۆرتوگال هاندەرێک گیانیلەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئاسایشی مەکسیک گیانلەدەستدانی هاندەرێکیان راگەیاند، بەر لەوەی یاریی دۆستانەی هەردوو هەڵبژاردەی مەکسیک و پۆرتوگال ئەنجامبدرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یاریگەی ئیستادیۆ بانۆرتی لە مەکسیکۆ سیتی، بەر لە بەڕێوەچوونی یاریی دۆستانەی نێوان هەردوو هەڵبژاردە هاندەرێک گیانی لەدەستداوە، بەرپرسانی ئاسایشی وڵاتەکەش هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە و رایانگەیاند، هاندەرەکە کەمێک بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە هەوڵیداوە لە نهۆمی دووەمی پەیژەکانی یاریگەکە خۆی هەڵبداتە نهۆمی یەکەم، بەمەش سەرکەوتوو نەبووە لە ئەنجامدانی ئەو کارە و بەر لە گەیشتنی بۆ نهۆمی یەکەم بەر زەوی کەوتووە و بەهۆیەوە گیانیلەدەستدا.
ئاسایشی ناوچەکە ئەوەشی راگەیاندووە، ئەو هاندەرە لە کاتی ئەنجامدانی کارەکەدا سەرخۆش بووە.
لەگەڵ ئەوەی ئەو رووداوە لە یاریگە روویدا، یاریی دۆستانەی هەردوو هەڵبژاردەی مەکسیک و پۆرتوگال لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامدرا و هەردوو تیپ بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
یاریگەی بانۆرتێ یەکێک لە یاریگە دێرینەکانی مەکسیکە، لە 1966 کراوەتەوە، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا 6 جار نۆژەنکراوەتەوە و 260 ملیۆن دۆلار لە دروستکردنیدا خەرجکراوە.
یاریگەکە بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026 نۆژەنکراوەتەوە و یەکەم یاریی مۆندیال لەنێوان مەکسیک و ئەفریقای باشوور لەو یاریگەیە بەڕێوەدەچێت، پاشان ئۆزبەکستان و کۆڵۆمبیا، مەکسیک و یەکێک لە چیک و دانیمارکیش هەر لەو یاریگەیە یاریی دەکەن.