لێدوانێکی چاوەڕواننەکراو لە لاپۆرتاوە لەبارەی رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا

 
رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا جارێکی دیکە باس لە دەستبەرداربوونی لیۆنێل مێسی دەکات و دەڵێت "بڕیارێکی دروستم داوە."
 
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لەلێدوانێکی نوێدا لەبارەی دەستبەرداربوونی یانەکە لە لیۆنێل مێسی دەڵێت 'ناچاربووم بڕیارێک بدەم و پێموایە بڕیارەکەم راست و دروستبوو، ئەوەتا ئەنجامەکان ئەوە دەسەلمێنن."
 
لاپۆرتا دووپاتیدەکاتەوە ئەو ئارەزووی هێشتنەوەی ئەستێرە ئەرجەنتییەکەی هەبوو، بەڵام دۆخی ئابووریی یانەکە رێگریی لەسەرکەوتنی ئەو بۆ هێشتنەوەی یاریزانەکە کرد، بۆیە بە ناچاری بڕیاری دەستبەردابوونی لە یاریزانەکە داوە.
 
سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لەبارەی ئەوەی ئەگەر لە داهاتوو مێسی بگەڕێتەوە یانەکە، دەرگای یانەکەی بەکراوەیی لەبەردەم ئەستێرە ئەرجەنتییەکە هێشتەوە و دڵنیایی دەدات کە بەرژەوەندییەکانی یاریزانەکە و یانەکە لە کاتێکی گونجاودا یەکدەگرنەوە، هەموو شتێکیش بەندە بە ویستی هەردوولا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە رێگەکانیان لەنێو یانەکەدا یەکبگرنەوە.
 
لاپۆرتا زیاتر گوتی "ئامانجی سەرەکی ئەو دروستکردنی پێکهاتەیەکی نوێ و رکابەر بوو، کە ئێستا لە بەرزترین ئاستدایە، بۆ دروستکردنی ئەو پێکهاتەیەش دەبووایە هەنگاوی خێرا و توند بنێن بۆ ئەوەی بەسەر ئەو دۆخە داراییە خراپەدا زاڵبن کە یانەکە پێیدا تێدەپەڕی."
 
خوان لاپۆرتا، لە دوای ئەوەی ساڵی 2021 بووەوە سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەستبەرداری لیۆنێل مێسی بوو، ئەستێرە ئەرجەنتییەکە چووە یانەی پاریس سانجێرمان و پاشان پەیوەندیی بە ئینتەرمەیامییەوە کرد.
 
سەرۆکی بارسا زیاتر لە جارێک گوتوویەتی "لەکاتێکی گونجاودا رێزلێنانێکی گەورە و شایستە لە یاریگەی کامپ نو، بۆ رێزگرتن لە کاروانی مێسی رێکدەخەن"، بەتایبەت کە یاریزانەکە بەبێ ماڵئاواییکردن لە یانەکە رۆیشت، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەی ئەو رێزلێنانە دیاری نەکراوە.