ئەستێرەیەکی پێشووی ریال مەدرید دەبێتە هاوڕێی نزیکی مێسی

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، گفتوگۆکانی لەگەڵ کاسێمیرۆی بەرازیلی دەستپێکردووە و دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا ئەو یاریزانە بکاتە هاوڕێی نزیکی لیۆنێل مێسی.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، ئینتەرمەیامی هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانەی یانەی مانچێستەر یونایتد دەستپێکردووە و لەگەڵ بەڕێوەبەرەکانی لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن و یاریزانە بەرازیلییەکە رازیبکەن رووبکاتە خولی ئەمریکا، لە یەکەم کاردانەوەشیدا کاسێمیرۆ ویستی خۆی بۆ یارییکردن لە یانەکە پێشانداوە کە لیۆنێل مێسی، رکابەری پێشووی لە یانەی بارسێلۆنا سەرکردایەتیی پڕۆژەکەی دەکات.
 
ئینتەرمەیامی یەکەم دەستەوارەی فەرمی بۆ کاسێمیرۆ ناردووە، دەیانەوێت بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە هێڵی ناوەڕاستی یانەکەیان بەهێزتربکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی سێرخیۆ بوسکێس وازی لە یارییکردن هێنا.
 
باوەڕاستکارە بەرازیلییەکە بە پڕۆژەی ئینتەرمەیامی سەرسامە، دەیڤد بێکهامیش دەیەوێت سوود لەوە وەربگرێت بۆ ئەوەی یاریزانەکە بباتە ریزەکانی تیپە پەمەییەکە، بەڵام رێککەوتنی کۆتایی بەندە بەو مووچەیەی یانەکە پێشکێشی یاریزانە بەرازیلییەکەی دەکات.
 
کاسێمیرۆ پێشتر رایگەیاندووە، لە کۆتایی وەرزدا لە ریزەکانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دەکات، بۆیەش جگە لە ئینتەرمەیامی چەند یانەیەک لە ئەورووپا و سعودیە ویستی گواستنەوەی ئەو یاریزانەیان هەیە، بەڵام زەحمەتە کاسیمێرۆ هەلی یارییکردن لە دوایین ساڵەکانی تەمەنیدا لەگەڵ مێسی لەدەستبدات.
 
کاسێمیرۆ لە دوایین لێدوانیدا لەبارەی مانەوەی لە مانچێستەر یونایتد دەڵێت "هێشتا زۆر چێژ لە مانەوە لە مانچستەر دەبینم، بەڵام پێموایە بڕیارەکە دراوە و تەواو بووە. خۆشەویستی هاندەران بۆ من زۆر گەورەیە، بەڵام بڕیارم داوە بڕۆم. ئێستا تەنیا چێژ لە کاتەکانم وەردەگرم، دەزانم یارییەکانی کۆتاییم لەگەڵ مانچستەر یونایتد پڕ دەبن لە هەستی جیاواز." بەمەش کاروانی چوار ساڵەی کاسێمیرۆ لە یانە ئینگلیزییەکە کۆتایی دێت کە تێیدا دوو نازناوی جامی ناوخۆیی بەدەستهێنا."
 
کاسێمیرۆ تەمەنی 34 ساڵە، لە 2022 پەیوەندیی بە مانچێستەر یونایتدەوە کردووە و لە 1-7-2026 گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد تەواو دەبێت.